رژێمەکەی بەشار ئەسەد ھەوڵ دەدات شاری خان شەیخون لە نەخشەی سووریادا بسڕێتەوە
  2019-07-20       583       

مستەفا حاج یوسف، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی لە سووریا رایگەیاند، ''رژێمەکەی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی ھەوڵ دەدەن شاری خان شەیخون لە نەخشەی سووریادا بسڕنەوە''.

ئاوێنه‌: ماوەی دوو رۆژە ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کە لە لایەن رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بە چڕی شاری خان شەیخون بۆردومان دەکەن و ئۆپۆزسیۆنیش رایدەگەیەنێت کە رژێمەکەی بەشار و ھاوپەیمانەکانی بەو بۆردومانە ھەوڵدەدەن شارەکە لە نەخشەی سووریادا بسڕنەوە.

شاری خان شەیخون دەکەوێتە سنووری ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە پارێزگای ئیدلب.

سەرچاوەکان لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایانگەیاندووە ''کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، شاری خان شەیخون بە چڕی لە لایەن ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و ئەو گروپە چه‌كدارانه‌ی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆردومان کراوە''.

بە ھۆی ھێرشی ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی کە لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردووە بۆ سەر شاری خان شەیخون درێژەی ھەیە، دانیشتوانی شارەکە ماڵوحاڵیان جێھشتووە و ئاوارە بون.

لەمبارەیەوە بەڕێوبەری بەرگری شارستانی لە سووریا، مستەفا حاج یوسف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد بەھۆی بۆردومانی ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی، ژێرخانی شاری خان شەیخون بە تەواوی خاپوور بووە.

مستەفا حاج یوسف وتیشی، '' لەئێستادا بە ھۆی بەردەوامی ھێرشی ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی بۆسەر شاری خان شەیخون، شارەکە چووڵکراوە و ھیچ کەسێکی تیادا نەماوە''.

لە ئەنجامی ئەو ھێرشەی کە لە چواری مانگی نیسانی ٢٠١٧دا لە لایەن ھێزەکانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کرایە سەر شاری خان شەیخون و بە ھۆیەوە ١٠٠ مەدەنی کوژران.

لە ٢٥ی نیسانی رابردووەوە، رژێمی ئەسەد و ھاوپەیمانەکانی بۆدرومانی چڕیان بۆسەر ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان کە بەپێی گفتوگۆکانی ئاستانا بڕیاری لەسەردراوە، دەستپێکردووە.

رۆژی هەینی رابردوو تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و رووسیای پشتیوانی لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە ٢٦ی نیسانەوە تاکو ئێستا بۆ سەر ناوچەکانی ھێورکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب ئەنجامیان داوە ٦٠٦ سڤیل بوونەتە قوربانی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×