80 پەرلەمانتاری عێراق داوای ئیدانه‌كردنی بڕیارێكی ئەمریكا دەكەن
  2019-07-20       754       

 80 پەرلەمانتاری عێراق لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردوە داوا دەكەن به‌ بڕیارێك ئیدانه‌ی سزاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ سەر چوار كەسایەتی سیاسی عێراقی بكەن.


ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ ٢١ ته‌موزی ٢٠١٩، سۆمەریەنیوز بڵاویكردوەتەوە، "لە داواكارییەكدا كە واژۆی 80 ئەندامی پەرلەمانی تێدایە و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، داوایانكردوە بەبڕیارێكی یاسایی سەركۆنەی سزاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ سەر چوار كەسایەتی سیاسی عێراقی بكەن.

رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگه‌یاند "ویلایەتە یەكگرتوەكان سزای نوێی بەسەر بەرپرسانی دو گروپی میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا سەپاندوە، بەهۆی ئەوەی لە سەرجەم كارەكانیاندا ئێران پشتیوانیان لێدەكات، چوار لەو كەسانە بەرپرسی پێشوی عێراق و بەرپرسانی ئێستای حەشدی شەعبین''.

هەریەك لە رەیان ئەلكلدانی، فەرماندەی حەشدی بابیلۆن و وەعد قەدۆ، فەرماندەی حەشدی ئەلشەبەك كە هەردو گروپەكە سەر بە حەشدی شەعبین، هاوكات لەگەڵ نەوفل عاكوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا و ئەحمەد جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەر و پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین بەشێكن لەو بەرپرسە عێراقیانەی كە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەیانگرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×