سەعید كاكەیی: لەسەر بۆچونەكانم سورم كە ساختەكاری كراوە
  2019-01-17       1879       

سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پشكی گۆران رایدەگەیەنێت ئێستاش لەسەر بۆچونەكانم سورم كە ساختەكاری كراوە، وتیشی "دوای ئەو داوای لێبوردنە بە هەفتەیەك دەستلەكاركێشانەوەیان بۆ كردم‌و ئێستا ئەو ڤیدیۆیەیان بەكار هێناوە تا كار بكەنە سەر پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی متمانەم لێ وەربگرنەوە".


ئاوێنە: ئەمرۆ "پێنج شەممە"  دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەكی كە تێیدا داوای لێبوردن لە ئەندامانی كۆمسیاران دەكات، سەعید كاكەیی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پشكی گۆران بە ماڵپەری "دوارۆژ" ی راگەیاندوە ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو بەشە بچوكەی وتارەكەیان بڵاوكردوەتەوە دەیانەوێت ناچاری بكەن دەست لەكار بكێشێتەوە.


ئاماژەبەوەش دەكات ئەوەی بڵاوبوەتەوە بەشێكی زۆر بچوكی وتارەكەیەتی كە رۆژی 13-11-2018  پێشكەشی كردوە، ئەو دەڵێت "داوای لێبوردنم تەنها لەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كردوە، نەك لەكۆمسیۆن، بەڵكەم لەسەر ئەندامانی كۆمسیاران نیە بۆ ساختەكاری".


لەبارەی جیاوازی لەنێوان كۆمسیاران‌و كۆمسیۆن ئەو وتی"جیاوازییەكی زۆر گەورەیە، چونكە بەڵگەكان هەن كە ساختەكاری كراون، لەسەر ئەو بەڵگانە 5 بەڕێوەبەری گشتی دورخرانەوە، كۆگاكانی كۆمسیۆن لە ناوچەی رەسافەی بەغدا سوتێنران، كۆگاكانی كەرخ وێرانكران، یاریكردن بە هاردرایڤەكان، دەستكاریكردنی راگەیاندنی ئاكامە سەرەتاییەكان، ئەوانە بەڵگەن و ناشاردێنەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×