مه‌سعود بازرانی: داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كێشه‌كانی خۆیان نه‌هێننه‌ ناو كوردستان
  2019-07-20       546       

مه‌سعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كێشه‌كانی خۆیان نه‌هێننه‌ ناو كوردستان و نه‌بنه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی كوردستان''.

ئاوێنه‌: مه‌سعود بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت "زۆر به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له قاره‌مانه‌كانی ئاسایش و دژه‌تیرۆر و سه‌رجه‌م‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ توانییان به‌ زووترین كات تاوانباران ده‌ستگیربكه‌ن و وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌لماندیان كه‌ جێ متمانه‌ و شانازین".

دەقی پەیامەکەی بارزانی 

دوای كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٧ی٧ی٢٠١٩، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ رێستورانه‌كانی هه‌ولێر ڕووی دا و دیپلۆماتكارێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی سڤیلی كوردستان بوونه‌ قوربانی، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تیرۆری كوردستان توانییان ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌كیی تاوانه‌كه‌ و هاوكارێكیان ده‌ستگیر كرد.

زۆر به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له قاره‌مانه‌كانی ئاسایش و دژه‌ تیرۆر و سه‌رجه‌م‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ توانییان به‌ زووترین كات تاوانباران ده‌ستگیر بكه‌ن و وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌لماندیان كه‌ جێ متمانه‌ و شانازین.

هه‌روه‌ها سوپاس بۆ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هاوكار و پشتیوانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوون. خه‌ڵك و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان جارێكی دی سه‌لماندیان كوردستان هه‌رگیز نابێته‌ پێگه‌ی تیرۆر و هیچ تاوانبارێكیش له‌ چاوی خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و هه‌ڵۆكانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كوردستان ون نابێت. 

هه‌ر لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كێشه‌كانی خۆیان نه‌هێننه‌ ناو كوردستان و نه‌بنه‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی كوردستان.

مسعود بارزانی
٢٠ـی٧ـی٢٠١٩
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×