ئایا 50 ساڵ لەمەوبەر ئەمەریكیەکان بەڕاستی چونە سەر مانگ؟!
  2019-07-20       2450       
ئا: ئاوێنە


ئەمڕۆ 50 ساڵ بەسەر یەكەم گەشتی مرۆڤ بۆ سەر مانگ تێدەپەڕێت، بەڵام رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی دەڵێ‌ "گەشتی ئەمەریكییەكان بۆ سەر مانگ گەشتێکی ساختەو درۆ بوەو تەنها بۆ ترساندنی سۆڤیەت بوە".


لەشەستەكانی سەدەی رابردودا، كە جیهان لەسایەی جەنگی سارددا دەسوتا، روسەكان پێش ئەمەریكییەكان كەوتن لەرەوانە كردنی یەكەم مانگی دەستكردو یەكەم مرۆڤ بۆ بۆشایی گەردون، ئەمە وایكرد جۆن كەنەدی سەرۆكی ئەمەریكا لەپایزی 1962دا پڕۆژەی گەشتن بەسەر مانگ رابگەیەنێت، ئەو وتی "ئێمە چونە سەر مانگمان كردوە بەئامانجی خۆمان، نەك لەبەرئەوەی گەیشتن بەوێ‌ ئاسانە، بەڵكو رێك لەبەرئەوەی گەیشتنە سەر مانگ كارێكی سەختە".


لەو سەردەمەدا جەنگی ساردی نێوان ئەمەریكاو یەكێتی سۆڤیەت لەترۆپكدا بو، ئەم دو وڵاتە گەورەیە لەپێشبڕكێیەكی بەردەوامدا بون بۆ ئەوەی باڵادەستی خۆیان بەسەر جیهان‌و گەردوندا بسەپێنن.


بەرنامەی ئاپۆلۆ، 10 ساڵی خایاند‌و ئامادەكاریی‌و رێكخستنی بەپێی رێكخراوی (ناسا) 23 ملیار‌و 900 ملیۆن دۆلاری تێچو، كە بەپێوەری ئەمڕۆ زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەكات.


لە20ی تەموزی 1969دا، نایل ئارمسترۆنگ‌و باز ئالدرین وەك یەكەمین مرۆڤ لەگەشتێكی 100 كاتژمێریدا 384 هەزار كیلۆمەتریان بڕی‌و لەسەر روی مانگ نیشتنەوەو بەم كارەیان ئامانجێكی گرنگی (ناسا)یان بەدیهێنا كە باڵادەستی ئەمەریكا بو لەركەبەری بەرامبەر بەسۆڤیەتدا.


بەلام رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەرەنسی لەراپۆرتێكیدا بەناونیشانی "ئەو جێ‌ پێیانەی مرۆڤ بچوكن"، ئاماژە بەوە دەكات ئەم گەشتە ساختەو درۆ بوە‌و ئەو دو كەشتیوانە ئاسمانییە كە ناویان وەك یەكەمین مرۆڤ تۆمار کرا پێیان خستبێتە سەر مانگ، راست نییە.


لۆمۆند ئەوە روندەكاتەوە ئەمەریكا لەدەیەی شەستەكانی سەدەی رابردودا تەكنیك‌و تەكنەلۆژیای پێویستی نەبوە تا ئەم گەشتە بەسەركەوتویی راپەڕێنێت، بۆیە نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ، مەسەلەیەكی دروستكراوو ساختەیە.


بەم پێیەش ناسا پاش پەیبردن بەمەحاڵ بونی ئەم گەشتە، نیشتنەوەیەكی ساختەی رێكخست، تا لەپێشبڕكێی ئاسمانی‌و گەردونیدا زەبر لەیەكێتی سۆڤیەت بوەشێنێ‌. كە لەو سەردەمەدا سۆڤیەت لەڕوی تەكنیك‌و تەكنەلۆجیاوە پێش ئەمەریكای ركەبەری كەوتبو.


هەروەها لۆمۆند جەغت لەوە دەكات كە جێ‌ پێی بەجێماوی كەشتیوانانی ئاسمانی ئەمەریكا بەسەر مانگەوە بەهۆی شێدار نەبونی روی مانگ‌و نەبونی ئاوەوە، وێنەی ناوداری جێ‌ پێی "ئالدرین" ناتوانێت جێ‌ پێیەكی راست‌و واقیعی بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×