نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێم ده‌رباره‌ی بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه‌ی هه‌ولێر هاته‌ده‌نگ
  2019-07-21       967       

نوێنەری ھەدەپە لەھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "مەزڵوم داغ لەھەولێر ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ھەدەپەو نوێنەرانی ھەدەپەدا نەبوەو ھیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و بینینێک لەنێوانماندا ڕوینەداوە''.


ئاوێنه‌: عابد ئیکە، نوێنەری ھەدەپە لەھەرێمی کوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند ''هەدەپە و نوێنەرانی ھەدەپە هیچ پەیوەندییان له‌گه‌ڵ مەزڵوم داغ نه‌بووه‌، ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لێکۆڵینەوەی خۆی بکات".

ئەو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد "لەمبارەیەوە ھیچ پەیوەندییەکمان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێوە نەکراوە، چونکە ئەم کردەوەیە کاری ئێمە نییەو سیاسەتی ھەدەپە لەباکورو تەواوی دنیا ئەوەیە کە رەخنە لەسیستەمەکان دەگرێت‌و داوای دیموکراسی دەکات‌و نایەوێت خەڵکی مەدەنی بکوژرێن‌و باوەڕی بەخەباتی مەدەنی ھەیە".

لەبارەی ئەوەش کە تۆمەتباری سەرەکی برای دێرسیم داغی پەرلەمانتاری ھەدەپەیە، ئەو وتی "ھەر کەسێک باوەڕی ئازادو تایبەت بە خۆی ھەیە، تەنانەت لەھەرێمی کوردستانیش خوشکێک پارتییەو یەکێک یەکێتییەو ئەوەی تر گۆڕانەو یەکێک ئیسلامییە، بۆیە ھەر کەسەو بە باوەڕی خۆی‌و ئەمە نابێتە کێشە بۆ پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە."

پاش ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لەراگەیاندراوەکەدا ھاتووە "کەسێک بە ناوی مەزڵوم داغ وەک تاوانباری سەرەکی رووداوی تەقەکردنەکەی ھەولێرو کوژرانی جێگری کونسوڵی تورکیا دەستگیرکراوە"، چه‌ند میدیایه‌كی توركیا بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ "دەستگیرکراوەکە برای دێرسیم داغی پەرلەمانتاری ھەدەپەیە".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×