سعودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی بە ٢٦ کارمەنده‌وە ئازاد کرد
  2019-07-21       878       

سعودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی بە ٢٦ کارمەندی ناو کەشتییەکەوە ئازاد کرد کە ماوەی سێ مانگە لە کەناراوەکانی جددە دەستبەسەری کردبوو.

ئاوێنه‌: بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی میھری نیمچە فەرمی ئێرانی کە زانیارییەکانی پشتی بە بەرپرسێک بەستووە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، سعوودیە کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئێرانی بە ناوی '' Happiness 1 '' کە لە ٣٠ی نیسان بەملاوە لە کەناراوەکانی جددە دەستی بەسەرداگرتووە، ئازاد کرد.

لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو کەشتییە نەوتھەڵگرەکە سەر بە کۆمپانیای تانکەری نیشتمانی ئێرانە و ئێستا لە رێگای گەڕانەوە دایە بۆ وڵاتەکەی.

ئەم کەشتییە نەوتھەڵگرە لە ٣٠ی نیسانی ئەمساڵ لەکاتی بەڕێکەوتنی بەرەو ئاراستەی کەنداوی سوێس ماتۆڕەکەی کێشەی تێکەوت و بەمەبەستی چاککردنەوەی لە کەناراوەکانی جددەی وڵاتی سعوودیە گلدرایەوە. ئێران بۆ خەرجی ئەم کەشتییە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری بە سعودیە دابوو.

لە میدیاکانی ئێران لەوەو پێش زانیاری ئەوە بڵاوکرایەوە کە سعوودیە بۆ ئازادکردنی ئەو کەشتییە داوای بڕی ٢٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ ھەر رۆژێک لە ئێران کردووە، بەڵام ئیدارەی تاران رەتیکردوەتەوە ئەم بڕە پارەیە بە سعودیە بدات. بۆ ئەم مەبەستەش نزیکەی سێ مانگە ئەو کەشتییە لەلایەن سعودیەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتھەڵگری بەریتانیدا گرت، سعوودیە راستەوخۆ ئەم کەشتییەی ئێرانی ئازاد کرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×