بەریتانیا تاوتوێی چەند بژاردەیەك بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دەكات
  2019-07-21       818       

تۆبیاس ئەڵود، وەزیری بەرگری بەریتانیا، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی خەریكی تاوتوێكردنی زنجیرەیەك بژاردەیە بۆ وەڵامدانەوەی دەستگرتن بەسەر كەشتییەكیدا لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە لەكەنداو.

ئاوێنە: تۆبیاس ئەڵود لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئاخۆ وڵاتەكەی بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر تاراندا دەكاتەوە، وتی"بەرپرسیارێتی یەكەم گرنگ لەئێستادا جەخت كردنەوەیە لەسەر ئەوەی چارەسەرێكمان بۆ كێشەی كەشتییەكە هەبێت و هەروەها جەخت لەسەر سەلامەتی ئەو كەشتیانەی دیكە بكەینەوە كە ئاڵای بەریتانیایان بەسەرەوە لە دەریاكاندا، پاشان بەشێوەیەكی گشتگیرتر سەیری وێنەكە دەكەین."

وەزیری بەرگری بەریتانیا ئەو بژاردانەی ئاشكرانەكردن كە وڵاتەكەی تاوتوێیان دەكات و لە وەڵامی پرسیاری ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا تەنها ئەوەندەی وت:"بیر لە زنجیرەیەك بژاردە دەكەینەوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ ئێران رایگەیاندبو، سەرجەم كارمەندانی كەشتییە بەریتانییەكە "پارێزراون و تەندروستیان باشە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە وادەی ئازادكردنی كارمەندانی كەشتییە ئێرانییەكە بەندە بە هاوكاریان لە لێكۆڵینەوەكاندا.

رۆژی هەینی ئێران دەستبەسەرداگرتنی كەشتییەكی بەریتانی لە گەروری هورمز رایگەیاند بەو پاساوەی كە ئەو كەشتییە لەكاتێكدا كە بەپێچەوانەی ئاڕاستەوە رۆیشتوە خۆی كێشاوە بە بەلەمێكی راودا، بەڵام بەریتانیا دەستبەسەرداگرتنی كەشتیەكەی بە "كردەوەیەكی دوژمنكارانە" ناوبردو پاساوەكەی تارانیشی رەتكردەوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×