هەپەگە كوژرانی 13 سەربازی توركیای لە بەدلیس و خواکورک راگەیاند
  2019-07-21       632       

هەپەگە رایگەیاند، لە چەند چالاكییەكی گەریلادا دژ بە سوپای توركیا لە باكورو باشوری كوردستان 13 سەربازی توركیا كوژراون كە یەكێكیان پلەكەی ئەفسەرەو حەوتی دیكەش بریندار بون.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"ماوەیەکە سوپای تورکی داگیرکەر بۆ ئاسایشی رێگای بەدلیس و هیزان لەسەر گردێکدا خاڵێکى پشکنینی داناوە. هێزەکانمان چاودێریى جموجوڵی سوپای تورکی داگیرکەریان لەو گردەدا کرد و دوای ئەوە رۆژی ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩ لە کاتژمێر ١٩:٠٠دا لە دژی بارهەڵگرێکى سوپای تورکی داگیرکەر کە بۆ ئەو گردە دەچو چالاکییەکی سابوتاژیان ئەنجامدا. ئەو بارهەڵگرەی سوپای تورکی داگیرکەر بە تەواوی تێکشکا و فەرماندەى جەندرمەى ناوچەى ناوەندیى بەدلیس ئەفسەر زەفەر ئاککوش و شەش سەربازی دوژمن کوژران و پێنج سەربازی تریش بریندار بون."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دواى چالاکییەکە سوپای تورکیا بە کۆپتەر و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەستیان بە بۆردومانکردنى سنوری چالاکییەکە کردوە بەڵام هێزەكەی گەریلا لەو چالاکییەدا بە بێ زیان و بە سەلامەتى گەیشتونەتەوە بنکە و بارەگاکانی خۆیان.

بەپێی بەیاننامەكە لە ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ لە دۆڵی چینگەنە هێزەکانیان لە دو قۆڵەوە لەهێزێكی سوپای توركیایان داوە و لەو چالاکییەدا چوار سەربازی تورکیا کوژران و سەربازێکى تریش بریندار بوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لەو چالاكییەدا هێزەکانیان فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆنی سوپای تورکیایان کردۆتە ئامانج و تێکیانشکاندوە.

وتوشیەتی"سوپای تورکی داگیرکەر بەهۆی ئەو چالاکییەى هێزەکانمان، کە گورزی قورسیان بەرکەوت، ناچاربون لەو سنورەدا بکشێنەوە."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە گەریلا سەر لەبەیانی رۆژی ٢٠ی تەمموزی ٢٠١٩ لەگردی كۆپتەر چالاكییەكی لە دژی یەکەى ئۆپەراسیۆنى سوپای تورکیا ئەنجامداوەو لەو چالاکییەدا دو سەرباز کوژراون و سەربازێکى تریش بریندار بوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەکانیان لەو چالاکییەدا هیچ زیانێکیان نەبوە و بە سەلامەتى گەیشتونەتەوە بنکە و بارەگاکانى خۆیان.

هەپەگە لەڕاگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی ئاشكراكردوە كە رۆژی ١٨ی تەمموزی ٢٠١٩ لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ دا فڕۆکە جەنگییەکانى سوپای تورکیا ناوچەى "تالە"یان لە "گەڤەر"ی جۆلەمێرگ بۆردومانکردو لەو بۆردومانەدا دو گەریلا شەهید بون.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×