"رۆژانە 15 بۆ 20 حاڵەتی توندوتیژی سێكسی لە هەرێم تۆمار دەكرێت"
  2019-07-21       1081       

رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی لە رێگای بازنەیەكی گفتوگۆوە كار بۆ رێگریكردن لە دیاردەی هەراسانكردنی سێكسی لە نێو شوێنە گشتییەكان و كۆمەڵگادا دەكەن، بەپێی ئامارێکیش رۆژانە (15 بۆ 20) حاڵەتی توندوتیژی سێكسی تۆمار دەكرێت.

ئاوێنە: لە هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر رێكخراوی (مەسەلـلە) بۆ پەرەپێدانی مرۆیی پانێڵێكی لەبارەی شێوازەكانی رێگرتن لە هەراسانكردنی سێكسی لە نێو كۆمەڵگادا ئەنجامدا.

ئاری رەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێم بە میدیای گۆڕانی راگەیاند؛ هەراسانكردنی دیاردەی سێكسی دەگەڕێنێتەوە كەمی هۆشیاری كۆمەڵگە و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی ناتەندروست.

وتیشی: (22) جۆری توندوتیژی سێكسی هەیە و خراپترینیان تاوانی ئەلیكترۆنیە كە هەڕەشە لە ژنان دەكرێت و رۆژانە (15 تا 20) حاڵەتی لەم جۆرە تۆمار دەكرێت.

بەوتەی ئاری رەفیق "پێویستە بەهەمو لایەك روبەڕوی ئەم جۆرە كارانە ببینەوە تاكو كۆمەڵگە بەرەو ئاقارێكی خراپ نەڕوات و پێویستە حكومەتی هەرێمیش بەجدی كاری لەسەر بكات".

لای خۆشیەوە شنۆ تەقێ‌، چالاكوانی داكۆكیكردن لەمافی ژنان رایگەیاند؛ پێویستە یاسایی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی هەمواربكرێتەوە و بە جۆرێک سزای توندتر دابنرێت و زیاتریش كۆمەڵگە هۆشیار بكرێتەوە تاكو ژنان لەم هەراسانە سێكسیە رزگاری ببێت. "

وتیشی: گرنگە كە كاربكرێت بۆ هۆشیاكردنەوەی كۆمەڵگە و ئاگاداربون لە چۆنیەتی بەكار هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و هەروەها بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی تەندروست و چۆنیەتی تێكەڵاو بون لەگەڵ دابونەریتی كۆمەڵگا.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی خێزانی هەولێر تەنیا لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا (14) حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی هەبوە لەگەڵ تۆماركردنی هەزار و (846) سكاڵا، ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی پێیانوایە ئەگەر رێگە نەگیرێت لە توندوتیژی سێكسی ئەوە حاڵەتەكانی دەستدرێژی سێكسی بەردەوامیان دەبێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×