سۆرانی مامە حەمە زامێکی ساڕێژ نەکراو ....!
  2019-07-21       2345       
ئا: شوانە حەسەن ئەبوبەکر


بنەماڵەی شەهید سۆران لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لەترسی ڕژێمی بەعس شاری كەركوك جێدەهێڵن‌و ڕوودەكەنە شاری سلێمانی، لەحامیەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، ئەو دەمە سۆران تازە چووبووە قوتابخانە، فەرمانی برای دەڵێت، زۆجار دەمبینی كە لەدیوارەكانی حامیە شیعری دەنووسی، هەر لەو سەردەمەوە هەستمكرد كە سۆران مناڵێكی هەستیارەو جیاوازە لەمنداڵەكانی تر.

سۆرانی مامە حەمە، ساڵی ۲۰۰۳ كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، فەرمانی برای دەڵێت "سۆران لەمناڵییەوە عەشقێكی زۆری بۆ خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بە مناڵییش كاتێك لەپۆلی دوو، سێی سەرەتاییدا بووە لەدیوارەكانی حامیە شیعری نوسیوە، كاتێك سۆران لەپۆلی سێیەمی ناوەندی بوو لەساڵی ۲۰۰۳، ڕۆژێك لەگەڵ دایكمدا دەچن بۆ چەمچەماڵ بۆ سەردانی گۆڕِی باوكم، سۆران دەبینێت گۆڕستانەكە پەرژینی نییەو زۆر پیسەو پڕە لەئاژەڵ، دێتەوە ماڵەوەو بابەتێك لەسەر ئەوە دەنووسێت‌و لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بڵاویدەكاتەوە‌و دوای نووسینەكەشی شارەوانی پەرژین بۆ گۆڕستانەكە دەكات.

بەداخەوە سۆران لەزۆنی مەرگداو لەژێر سێبەری تیرۆردا كاری ڕۆژنامەنوسیی كردووە سۆرانی مامە حەمە كاتێك شەهید بوو تەمەنی ۲۳ ساڵ بوو، لەناو دونیای ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، ڕۆژنامەنوسێك بوو لەزۆنی مەرگدا كاریدەكردو لەژێر سێبەرو ڕەشماڵی تیرۆردا بو سۆران لەناو دونیای شانۆی كوردیدا، ئەكتەرێك بوو لەشانۆی فرۆشتنی نیشتیماندا ڕۆڵی پاڵەوانێكی دزگریی دەبینی، بەڵام شانۆگەرییەكە وەك هەموو شتەكانی تری ئەم وڵاتە پێچەوانە بووەوەو بوو بەدیاردەیەكی ڕاستی‌و دواجار دزەكان بەبەرچاوی هەموو دونیاوە پاڵەوانە ڕۆحسووكەكەی ناو شانۆگەریی فرۆشتنی نیشتیمانیان شەهیدكرد.

 كاتێك سۆران شەهید بو، خەریكی نوسینەوەی چیرۆكی ئەو گەنجانەی شارەكەی بوو، كە نەیاندەزانی جیاوازیی ژیان چییە لەنێوان دەستی تیرۆری بەعسییەكانی دوێنێ‌و تیرۆری شۆڕشگێڕەكانی ئەمڕۆدا، هەوڵەكانی ئەو بۆ ئەوە بون پێیانبڵێت؛ ئێمە لەبەر ئەوەی هەمیشە ژێردەستە بوین وا پەروەردەكراوین، دیكتاتۆرێكی كوردیمان پێباشتربێت لەدیموكراتخوازێكی بێگانە.

مخابن تا هێشتا بكوژانی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە ئاشكرانەكراون، برایەكی سۆرانی مامە حەمەش دەڵێت: هێزە ئەمنییەكانی كەركوك زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆران لەلایە، بەڵام ناوێرن ئاشكرایبكەن.

فەرمان مامە حەمە، برای شەهید سۆران، ئاماژە بەوە دەدات كە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، بەتایبەت هێزەكانی پۆلیس زانیاریی تەواویان لەسەر بكوژانی سۆرانی مامە حەمە هەیە "ئێمە دڵنیاین، پۆلیسی كەركوك زانیاریی تەواوی لەسەر بكوژانی مامە حەمە هەیە، بەڵام مەبەستیان نییە، یان ناوێرن ئاشكرایبكەن، چونكە ڕەنگە خۆشیان بەشێك بن لەتاوانەكەو دەستیان لەكارەكەدا هەبێت.

بەداخەوە شەهید سۆران لەزۆنی مەرگدا كاری ڕۆژنامەنوسیی دەكردو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بو، سوربونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك، چەندانجار ئەوی ڕوبەڕوی هەرەشەو مەترسی كردبوەوەو دو مانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابو.

سۆرانی مامە حەمە بۆ خستنەڕوی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك‌و خاوەنی چەندان ڕاپۆرتی گرنگ‌و بەبایەخبو كە بو بووە مایەی هەراسانكردنی بەرپرسان‌و كەسانی گەندەڵی حیزبی لەو شارەو بەبێترس‌و سڵەمینەوە لەڕاپۆرتەكانیدا ڕوی ناشیرنی ئەوانی گوزارشت لێدەكرد.  سۆران بڕوای وابو كە "گەندەڵی‌و خیانەتی جۆراوجۆر لای دەسەڵاتی كوردی بووەتە فەلسەفەو كردویانە بەفاكتەری بەهێز بۆ مانەوەیان.

پـڕۆفـایـل

-سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بەسۆرانی مامە حەمە لە ۱۹۸۷/۲/۲ لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە.

-لەساڵی (۲۰۰۳)ەوە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنوسی كردووە.

-شاعیرێكی هەستناسك‌و بەتوانا بووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە.

-قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بو.

-بەرپرسی نوسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بو.

-لە ۲۰۰۸/۷/۲۱ لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×