شۆڕش حاجی: فراکسیۆنى گۆڕان لە جاران زیاتر چاودێری حکومەت دەکات
  2019-07-21       929       

شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەى راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند"فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە جاران شێلگیرانەتر چاودێرى ئەداى حکومەت دەکات بەو وەزیرانەشەوە کە نوێنەرایەتى بزوتنەوەکە دەکەن، لەپێناو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە".

ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە شۆڕش حاجى، ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە وتەیەکدا کە لە مەراسیمى چلەى شەهید رێبەند فەرهاد پێشکەشی کرد، رایگەیاند"کاکە رێبەند قوربانیى ئەم سیستمە ناتەندروستەیە کە حکومڕانى ئەم هەرێمەى کوردستان دەکات، قوربانیى سەروەر نەبونى یاسا و نەبونى هێزى نیشتیمانییە، باشترین وەفادارییش بۆ رێبەندەکان ئەوەیە درێژە بەو خەباتە بدەین، لەپێناو هێنانەکایەى سیستمى حکومڕانى تەندروست کە یاسا سەروەر بێت و هێزى نیشتیمانى باڵادەست بێت و هێزى چەکدارى ئەم و ئەو باڵادەست نەبن."

شۆڕش حاجی جەختی کردەوە "بزوتنەوەى گۆڕان سەرسەختانە داکۆکى دەکات لە بونیاتنانى حکومەتێک کە لە سایەیدا هاوڵاتیان بحەسێنەوە، چاوى لەوەیە پارتى دیموکراتى کوردستان پابەندى ئەو رێککەوتنە سیاسییە بێت کە لەگەڵ گۆڕان کردویەتى و حکومەتیش پابەند بێت بەو کارنامەیەى رایگەیاندوە، بزوتنەوەى گۆڕانیش شێلگیرانە هەوڵى جێبەجێکردنى هەمو خاڵەکانى دەدات لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک و گەڕاندنەوەى متمانەى  خەڵک بە دەسەڵات و حیزبە سیاسیەکان".

وتیشى"لە هەمانکاتدا فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە جاران شێلگیرانەتر چاودێرى ئەداى حکومەت دەکات بەو وەزیر و کەسانەشەوە کە ناردومانن پێش وەزارەتەکانى دیکە، ئەوەش لەپێناو جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە و تا ئەو کاتەى لەگەڵ ئەو بەڵێنانە راستگۆبن کە بە خەڵکیان داوە ئێمەش پشتیوان و پاڵپشت و هاوکاریان ئەگەرنا بزوتنەوەى گۆڕان بە قوربانیى هیچ کەسێک ناکەین، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان و پەیام و داواکارییەکانى لە هەمو کەس خۆشەویستر و گەورەترە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×