داواكاری گشتی توركیا یاداشتێكی ده‌ستگیركردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌نه‌س كانته‌ر، یاریزانی پیشه‌گه‌ری باسكه‌ی یانه‌ی نیویۆرك نێكس-ی ئه‌مریكی ده‌ركرد.
ئاوێنه: ماڵپه‌ڕی بی بی سی عه‌ره‌بی له‌هه‌واڵێكدا بڵاویكردۆته‌وه كه داواكاری گشتی توركیا ئه‌نه‌س كانته‌ر، ته‌مه‌ن 26 ساڵی تۆمه‌تبار كردوه كه په‌یوه‌ندی به‌و گروپه چه‌كدرانه‌وه هه‌یه كه ئه‌نكه‌ره ده‌ڵێت له‌پشت كوده‌تا سه‌رنه‌كه‌وتوه‌كه‌ی ساڵی 2016ی توركیاوه بوه.
به‌ڵام ئه‌و یاریزانه كه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی سه‌رۆك كۆماری توركیا به "دیكتاتۆر" ناوده‌بات، ئه‌و تۆمه‌تانه ره‌تده‌كاته‌وه.
ساڵی 2017، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا پاسپۆرته توركییه‌كه‌ی ئه‌و یاریزانه‌یان پوچه‌ڵ كرده‌وه، به‌ڵام كانته‌ر خاوه‌نی كارتی سه‌وزی ئه‌مریكییه كه به‌و كارته ده‌توانێت له‌ئه‌مریكا بژی و كاربكات به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی.
له چه‌ند رۆژی رابردوشدا، كانته‌ر رایگه‌یاندبو كه بۆ ئه‌نجامدانی یارییه‌ك له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا، رۆژی 17ی ئه‌م مانگه گه‌شتی له‌نده‌ن ناكات به‌هۆی ترسییه‌وه له میتی توركی.
وتبوی"له‌وێ ده‌رفه‌ت هه‌یه كه روبه‌ڕوی كوشتن ببمه‌وه."
له‌پۆستێكیشدا له‌هه‌ژماری خۆی له‌فه‌یسبوك، دوێنێ(چوارشه‌ممه)، كانته‌ر نوسیبوی"حكومه‌تی توركیا ناتوانێت هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بخاته‌ڕو له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه سه‌رپێچیم ئه‌نجام دابێت."
وتبوشی"ته‌نانه‌ت سه‌رپێچی هاتوچۆشم له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا نییه، من له‌وێ ده‌ژیم و هه‌میشه پابه‌ندم به یاساوه."
له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی رابردودا، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ باوكی ده‌رچو به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به ئه‌ندامانی رێكخراوێكی قه‌ده‌غه‌كراوه‌وه له‌توركیا.
له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی 2016ه‌وه تا ئێستا نزیكه‌ی 50 هه‌زار كه‌س له‌زیندانه‌كانی توركیا به‌ندكراون، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ركوتكردنی به‌رفراواندا.