پەرلەمانی عێراق وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی دیاریكرد
  2019-07-22       628       

پەرلەمانی عێراق وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی دیاریكرد كە رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوە، بەڵام دەنگدان لەسەر كۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەهۆی پرسی هەڵبژاردنی كەركوكوە راگیراو لە ئێستاشدا لایەنە گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

ئاوێنە:  ئەمڕۆ دوشەممە (22/7/2019) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی کرد لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و زۆرینەی بڕگە و ماددەکانی هەمواری یاساکە پەسەندکران، لەنێویاندا دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کە بڕیارە رۆژی یەکی نیسانی ساڵی داهاتو بەڕێوەبچێت.

هاوکات بەپێی هەموارە نوێیەکە، بۆ هەر پارێزگایەک (10) کورسی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریکراو و بەڵام هەر پارێزگایەک ژمارەی دەنگدەرانی لە یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، ئەوا هەر (200) هەزار دەنگێک بە کورسییەک زیاد دەکرێت بۆ کۆی کورسییەکانی ئەنجومەنەکە.

حسێن عوقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبو كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەنگدانی لەسەر كۆی پڕۆژە یاساكە راگرتوە تا ئەو كەساتەی پرسی هەڵبژاردن لەكەركوك یەكلایی دەكرێتەوە و لەئێستاشدا گفتوگۆ بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەكان ناڕەزایەتی لەسەر هەردو ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاساكە هەبوە.

حسێن عوقابی، كەمێك لەمەوبەر لەبەیاننامەیەكدا لەبارەی راگرتنی دەنگدان لەسەر كۆی هەمواری یاساكە رایگەیاند، ناڕەزایەتییەكان لەسەر ماددەی 15ی هەموارەكە كە پەیوەستە بە هێزە چەكدارەكانەوە لەوەوە بوە كە هەندێك ناڕەزایەتییان هەبوە لەسەر ناوهێنانی پێشمەرگە لەهەموارەكەدا بە پاساوی ئەوەی پێشمەرگە لەڕوی دەستورییەوە تەنها دەبێت لەهەرێم هەبێت و یاساكەش پەیوەستە بەو پارێزگایانە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانن.

عوقابی باسی لەوەش كردوە كە ماددەی 16ش كە پەیوەستە بە دەنگدانی ئاوارەكان، ناڕەزایەتی لەبارەوە هەبوە و ئەوەش پرسێكە پێویستی بە دۆزینەوەی میكانیزمێكە تاوەكو مافی ئاوارەكان لە دەنگداندا مسۆگەر بكرێت و ئەو میكانیزمەی دادەنرێت لەلایەن هەندێك لایەنەوە بەكارنەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی ساختەكاری.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×