فواد حسێن: هەفتەی داهاتو گفتوگۆی قوڵ لەبارەی پرسی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە دەكرێت
  2019-07-22       1239       

فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان كردوە بەئەنجامدانی كۆبونەوە سەرەتاییەكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوی عێراق و دەشڵێت؛ پرسی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، یەكێك دەبێت لەبڕگەكانی گفتوگۆ قوڵەكانی هەفتەی داهاتوی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە.  

ئاوێنە: فواد حسێن، وەزیری دارایی عێراق، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئیندیپێندنت عەرەبیە"، كە ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندوە كە حكومەتی عێراق دەستی كردوە بە ئەنجامدانی كۆبونەوە سەرەتاییەكان بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2020ی وڵات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئامانج لەو كۆبونەوانە دانانی دیدێكی ستراتیژییە بۆ ساڵانی داهاتو و وتوشیەتی"لیژنەكانی ئامادەكاریی بودجە پێكدێن لە نوێنەرانی وەزارەتەكان و پارێزگاكان و هەروەها نوێنەرانی هەرێمی كوردستان."

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هەوڵی حكومەتی عێراق بۆ ئەوەیە كە داهات زیاد بكرێت و پێداویستییەكانی وەزارەتەكان و پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان دابین بكرێت و هەروەها چۆنییەتی خەرجییەكان بە باشترین شێوە دیاری بكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەتی عێراق هەوڵدەدات بودجەی ساڵی داهاتو لەسەر بنەمای بەرنامەكان بێت و بەشێوەیەك بودجەیەكی رون بۆ بەرنامەكانی حكومەت تەرخان بكرێت لەسەر بنەمای چەند پڕۆژەیەكی رون كە دەبێت جێبەجێ بكرێن.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ناكۆكی و دژایەتی لەسەر بودجە زیاتر دەكەوێتە ئەو كاتەی كە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

لەبارەی چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە لەكاتێكدا ئەگەر لەماوەی ئەم پێنج مانگەی داهاتودا هەرێم و بەغدا نەگەنە رێككەوتن لەسەر پابەندبونی هەرێم بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە، فواد حسێن جەختی كردۆتەوە كە سیاسەتی وەزارەتی دارایی ئەوەیە پابەندیی تەواوی هەبێت بە خەرجكردنی موچەی هەمو فەرمانبەرانی عێراقەوە ئیدی ئەو فەرمانبەرانە لە هەرێمی كوردستان بن یاخود لە هەر پارێزگایەكی دیكە.

وتوشیەتی"پرسی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، بڕگەیەك دەبێت لە گفتوگۆ قوڵەكانی هەفتەی داهاتو، بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە رێككەوتن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەو هەروەها لەبارەی سیاسەتی گشتی نەوتی هەرێمی كوردستان و كۆماری عێراقەوە."

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا، فواد حسێن لەبارەی گرژییەكانی ئێستای ئێران و وڵاتانی دیكەوە لە كەنداو و گەروی هورمز هێمای بۆ ئەوە كردوە كە حكومەتی عێراق هەست بە نیگەرانی دەكات لەبارەی گرژییەكانی ئەو دۆسیەیەوە.

وتوشیەتی"ئەگەر ئەو گرژیانە بۆ ناكۆكی چەكداریی بگۆڕدرێن ئەوا دەبنە خۆی كێشەی گەورە لە ناوچەی كەنداو و دەبنە هۆی داخستنی گەروی هورمز، گەر ئەوەش روبدات...ئەوە كارەسات دەبێت بۆ عێراق."

لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە كە حكومەتی عێراق هەوڵدەدات ناوچەكە روبەڕوی ئەو چارەنوسە نەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×