"كورد سكواد" بەشداریی لە گەورەترین پاڵەوانێتی یاری پەبجی لە بەرلین دەكات
  2019-07-22       5905       

تیمی كورد سكواد، كە تیمێكی یاری پەبجییە، لەپاڵاوتنەكانی پاڵەوانێتی یارییەكە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلەی دوەم بەدەستدەهێنن، بەڵام لە قۆناغی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە كە لەشاری بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەچو لەبەر ئامادەنەبونی یاریزانە بنەڕەتییەكانیان بەهۆی پێنەدانی ڤیزاوە، تیمەكە ناتوانن بۆ یاری فیناڵ سەربكەون.

ئا: ئیمان زەندی

كورد سكواد، دوای ئەوەی لە پاڵاوتنەكانی كێبڕكێی یاری پەبجیدا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلەی دوەم بەدەست دەهێنێت لەلایەن رێكخەرانی كێبڕكێكەوە كە خودی كومپانیای پەبجییە بانگهێشت دەكرێت بۆ قۆناغی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە كە لە شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچو.

تیمەكەی كورد سكواد كە لە پێنج كەس پێكدێن لە هەرێمی كوردستانەوە بەهۆی گرفتی ڤیزاوە نەیانتوانیوە بچنە بەرلین بۆ بەشداری لە پاڵەوانێتیەكە، بۆیە بە ناچاری چەند یاریزانێكی دیكە، بەناوی تیمەكەوە دەنێرنە كێبڕكێكە، بەڵام وەك سەرۆكی تیمەكە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەو یاریزانانەی لەبری یاریزانە بنەڕەتییەكانی تیمەكە بەشداریان لە كێبڕكێكەی بەرلین كردوە شارەزییان زۆر نەبوە بۆیە نەیانتوانیوە بۆ قۆناغی فیناڵی كێبڕكێكە سەربكەون.

ئاری خەلیل حەسەن یاریزانو سەرۆکی دەستەی کورد سکواد، بۆ ئاوێنە وتی"ئەم كێبڕكێیە ساڵی جارێك دەکرێت، پار لەدوبەی بو ئەمساڵیش لەئەڵمانیا لەبەرلین. كێبڕكێكە چوار مانگی خایاند، یەکەمجار سەرەتا بە (گروپ چاڵێنج) دەستی پێکرد، ھەمو لایەك و تیمێك دەیتوانی بەشداری بکات، ئەم گروپ چاڵێنجە سەرەتا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی، پێدەچێت زیاتر لە ١٠ھەزار تیم ناوی خۆیان نوسیبێت، لەو ١٠ ھەزار تیمە تۆپ سەد (Top 100) دیاری کرا دوای ئەوەش تۆپ ٢٠ (Top 20) کە ئەمەیان فاینەڵەکە بو واتە فاینەڵی قۆناغی گروپ چاڵێنجەكە".

وتیشی"دواتر کۆمپانیا وتی ئەوانەی گەشتونەتە فاینەڵی گروپ چاڵێنجکە بۆیان ھەیە لەپاڵەوانیەتی پێشبڕکێی یاری پەبجی کە لەوڵاتی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ڕیجستەر بکەن و پاساپۆڕتی خۆیان بنێرن، ئەگەر تیمەکە ناسرابو لەناو خەڵك کۆمپانیا قبوڵی دەکات، ھەر بۆیە ئێمەش ناوی خۆمان نوسی و بەخۆشحاڵییەوە کۆمپانیای پەبجی ئێمەیان ھەڵبژارد، کە ٣٢ تیم ھەڵبژێردرا."

سەرۆکی تیمی کورد سکوات بەشانازییەوە ئەوەی وت کە لۆگۆی تیمەکەیان دەلالەت لەنیشتمانی کوردستان دەکات و ئاڵای کوردستانی لەسەر نەخشێنراوەو یەکەم تیمیشن سەرکەوتون بۆ پاڵەوانیەتیەکە.

ئاری یاریزان ئاماژەی بەوەدا کە خۆی بەشداری کردوە لەھەمو یارییەکان و بەھاوکاری ھاوڕێکانی توانیان کورد سکواد بگەیەننە بەرلین، بەڵام وتی؛ بەھۆی گرفتی ڤیزاوە نەیانتوانیوە بەشداری لەپاڵەوانیەتی پەبجی لەبەرلین بکەن."

بەقسەی سەرۆكی تیمەكە، تیمەكەی گەورەترین ھەلی سەرکەوتنیان لەدەستدا لەپاڵەوانیەتی یاری پەبجی لەبەرلین ھەر بۆیە سەرکەوتو نەبون، ئەو لەو بارەیەوە وتی "لەپاڵەوانیەتیەکە نەمانتوانی سەرکەوتن بەدەست بھێنین، وەکو وتم لەبەر گرفتی ڤیزا خۆمان نەمانتوانی ئامادە بین، لەکاتێکدا یەك مانگ ئێمە سەرقاڵی ڤیزای ئەڵمانیا بوین بەڵام ئەڵمانیا ڤیزای پێنەداین، بەڵام بەوەشەوە نەوەستاین یاریزانی ترمان ڕاسپارد بۆ بەشداری ئەو پێشبڕکییە، ھەرچەندە ئاستیان وەکو ئێمە باش نەبو چونکە شارەزای یەکتری نەبون، ھەربۆیە یاریکردن بەتیم زۆر جیاوازە وەك لەوەی تەنھا خۆت یاری بکەیت، بەمەش ئەوان یاریکردنیان باش نەبو، ئێستا پێشبڕکیەکە لەقۆناغی کۆتاییدایە لەسەرتاسەری جیھان، لەبەر ئەوەی ئێمە تیمی خۆمان نەبو تیمێکی ترمان ڕاسپارد ھەر بۆیە سەرنەکەوتین بۆ قۆناغی کۆتایی".

لەسەر كێشەی بەشدارینەكردنیان وتیشی "ئەو بانگێشتکردنە لەسەر خەرجی خۆیان بو و تکتی فڕۆکە و ھوتێل و نان خوارد ھەموی لەسەر خەرجی کۆمپانیاکە بو، کۆمپانیاش ھیچی پێنەکرا بۆ ڤیزاكە لەکاتێکدا ئیمێڵیشیان بۆ کۆنسوڵی ئەڵمانیا نارد، بەداخەوە کونسوڵی ئەڵمانی وەڵامی نەدانەوە ئەمە قسەی کۆمپانیای پەبجی بو بۆ ئێمە".

ئاری لەبارەی وەرگرتنی پارە کە چەندیان وەرگرتوە بۆ ئاوێنە وتی"پڕایس پوڵی ھەمو پێشبڕکێکە دو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ تەرخانکرابو، کاتێك ئێمە لەگروپ چاڵێنجەكەو لە پاڵاوتنەکە پلەی دوەممان بەدەست ھێنا واتە لەفاینەڵی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ١٢٥ ھەزار دۆلارمان وەرگرت، واتە دەفتەرێك و ٢٥ وەرەقە".

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×