مەلا بەختیار بۆ د.رێبواری پەرلەمانتاری عێراق: بەمانگەشەو دەوەڕیت
  2019-07-23       3344       

مەلا بەختیار، وەڵامی وتارێکی د.رێبوار کەریم مەحمودی پەرلەمانتاری عێراق دەداتەوەو ئاماژە بەوە دەکات کە "خراپترین جۆری وەڵام، وەڵامدانەوەی كەسایەتی سوك‌و سیاسییە سواوەكانە"، مەلا بەختیار بێ ئەوەی ناوی د.رێبوار بهێنێت، دەڵێت "ئەندامێكی پەرلەمان وتارێكی پڕ لەهەڵەی نوسیوە، تەنها وەڵامی چەند هەڵبەستراوێكی دەدەمەوە. باقیەكەی بەمانگەشەو وەڕینە".

 

ئاوێنە: مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەوتارێک وەڵامی هەندێک لەو کەسانە دەداتەوە کە رەخنەیان لەپڕۆژەکەی گرتوە، بەتایبەتی د.رێبوار کەریم مەحمود، کە لەهەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراقدا سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی سەر بە"د.بەرهەم ساڵح" بو، کە دواتر هەڵوەشایەوەو چونەوە ناو یەکێتی.

مەلا بەختیار لەو وتارەدا لەبارەی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق کە وتبوی بەپرۆسەیەکی دیموکراسی سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق د.بەرهەم هەڵبژێردراوە، دەڵێت "ئەوانەی ویژدانیان ماوەو ئاگایان لە سیناریۆی چۆنێتی دانانی ئەم سەرۆكەیە، ئێستا نەفرەت لەو مێژووە دەكەن، ئەگەر ئەم نوسەرانە بینوسن. ئاخر درۆهەڵبەستن بگاتە ئەم رادەیە، ئیتر بڕوانامەو پەرلەمانتاری و پرەنسیپ، خراوەتە ناو چ زەلكاوێكی چەواشەكاریەوە؟ ئەگەر ئەم كەسە، لە ناو جۆگەی هەلپەرستیەكەیەوە، كە لە هەردوو دیوی جۆگەكە، دەجوێ‌، سوربێت لەسەر ئەوەی گوایە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا سەرۆكی عێراق هەڵبژێردراوە، من ناچار دەبم راستیەكانی پشتی پەردە بدركێنم. ئەوكاتە چش، چی دەبێ‌ با ببێ‌!!".

 

دەقی وتارەکەی مەلا بەختیار:

 

سوپاس بۆ هاتنتان و چەواشەكاریش بڵقی سەر زەلكاوە!!

 

لەكاتی كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەماندا (20/7/2019)، لەسەرانسەری كوردستانەوە، هەڤاڵان لەپەرۆشیەوە بۆ پاراستنی یەكێتی و كۆنگرەی گۆڕانكاری ئامادەبون. بە دڵنیاییەوە ئەم هەڵوێستانە، لە ئۆرگانەكاندا خەریكە بەرجەستە دەبێ، سەرئەنجامەكەی لەكۆنگرەی گۆڕانكاریدا خزمەتی یەكێتی ناو یەكێتی دەكات.

دوو رۆژیشە بەزەقی دەركەوت، نەیاران و هەلپەرستان، چۆن هەراسان بون و دەیانەوێ بە كۆمێنتی چەواشەكاری، كاریگەری فراوانی (گەڵاڵەی ئەركەكانی قۆناغ) و (هەڵسەنگاندنێكی رەخنەگرانە) كەم بكەنەوە. ئەمانە بێ ئاگان لەوەی، هاتنی سەدان كادر بە نوێنەرایەتی هەزاران كادرو ئەندام، هۆكارەكەی كێشەكانی ناو یەكێتی و زاڵبونی رەوتێكی هەلپەرستی و، غەدر كردنە لە سەدان كادرو خاوەن بڕوانامە، كە بە بڕیاری سەرپێیی، رەنج و توانایان كرایە قوربانی تەكەتولەكان. ئەوانەی هێشتا، لەناو گێژاوی كێشەكاندا ماونەتەوە، دڵنیام بەشێكیان، لەم چواشەكارییە، كە دورە لە دیالۆگی مەدەنی، پاشگەزدەبنەوە. لەهەمان كاتدا، جەختیش بكەمەوە كە:
خەبات و ململانێی ئێستای ناو یەكێتی، مەدەنی و دیموكراسیە. رەخنەگرتن و رەخنەقبوڵكردنە. نە كێشە ئایدۆلۆژیەكانی شۆڕش و نە كێشمەكێشەكانی دەستەگەری دوای راپەڕین، بیریٍشی لێناكرێتەوە. لادان و بادان، بۆ پۆست و پایەش، (حورمەت!)ی خۆمانی بۆ لەدەست نادەین. دڵنیاشم، ئەوانەی مێژوویان پڕە لە تاڵی و داڵی خۆپەرستی، ئەوانەن دەیانەوێت بە خۆیان و فریوخواردوەكانیانەوە، كای كۆنی ناو شۆڕشگێڕەكان، بدەنە بەر چەواشەكاری هەلپەرستی و ئەو كێشانە زیندوو بكەنەوە، كە هی زەمان و زەمینەی خۆیان بون و تێپەڕین. دەشیانەوێ‌ بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی كێشەكانی رابوردوو، گەندەڵیەكانیان، داپۆشن.
هەرگیز ناتوانم، ماندووبونی تێكۆشەرانی شاخ و راپەڕین، بابەتیانە هەڵنەسەنگێنم. لەمێژووشدا هەموومان هەڵەمان كردوەو ئێستاش هەڵە دەكەین. بەڵام بێویژدانیە، هەڵە بكرێتە پێوەری روداوەكان ‌و یادەوەریەكان. هیچ سەركردەیەك لە سەد ساڵی رابردوی كوردایەتیدا، (هەروا لە جیهانیشدا) لەهەر پلەو پایەیەك بوبێ، ناكرێ وابزانرێ، سەراپای مێژوەكەی، خەوشی تێدا نەبوە. رابەرە كۆچكردوەكان و زیندوەكان، خۆیان لەژیاندا دانیان بە هەڵەكانیاندا ناوە، كەچی ئەوانەی سۆز یان رق بەسەریاندا زاڵە، رەخنە لەكەس قبوڵ ناكەن و بێ ئاگا لە روداوەكانی مێژوو، خەرمانی راستیەكان دەسوتێنن. هەروەكو مێژووی شۆڕشی نوێ و راپەڕین، هەڵە و پەڵەی تیادا نەبوبێ. ئەگەر مێژوومان بێگەرد بوبێ‌، دەی ئەو هەموو كارەسات، شكست، شەرمەزاری، هەڵگەڕان و داگەڕانە، هەروا جیابونەوەی ناو شۆڕش و دوای راپەڕین بۆ رویانداوە؟ دەیان هەزار لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەكان و چاوپێكەوتنی سەر تەلەڤزیۆنەكان، دژی یەكتر بۆ نوسراون و گوتراون؟
خراپترین جۆری وەڵام، وەڵامدانەوەی كەسایەتی سوك و سیاسییە سواوەكانە. هەموو جارێكیش ویستبێتم وەڵامی چەواشەكاریەك، یان هەڵە باسكردنی راستیەكان بدەمەوە، بە وریاییەوە، باسی ئەو تێكۆشەرانە دەكەم، كە لەشاخدا قوربانیان داوە، بەڵام مایەی نەنگیە بەرامبەر بەوانەی رۆژێك لەرۆژان، بۆ نوكتەگێڕانەوەش ئامادەنەبون، سەردانی شۆڕش بكەن، ئەوان ئەنفال و كیمیاباران و كاولكردنی كوردستان موی پیاوەتی نەجوڵاندبن، ئێستا لە بەرامبەر خۆیان و رێبازی هەلپەرستیان، نەنگیە بێدەنگ بین. بۆیە لێرەدا پێویستە، چەند چەواشەكاریەك رونبكرێتەوە:
یەكەم: ئەندامێكی پەرلەمان، كە هەوڵی زۆری دا، بخرێتە ناو لیستی یەكێتی، قبوڵ نەكرا، خۆی خزاندە ناو جۆگەی هەلپەرستی و ئێستاش نەهاتۆتە دەرەوە، ئەمە، وتارێكی پڕ لە هەڵەی نوسیوە، تەنها وەڵامی چەند هەڵبەستراوێكی دەدەمەوە. باقیەكەی بە مانگەشەو وەڕینە ئەویش ئەمانەن:
1-باسی ئەوە دەكات، گوایە لەپرۆسەیەكی دیموكراسیدا سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردراوە. ئەوانەی ویژدانیان ماوەو ئاگایان لە سیناریۆی چۆنێتی دانانی ئەم سەرۆكەیە، ئێستا نەفرەت لەو مێژووە دەكەن، ئەگەر ئەم نوسەرانە بینوسن. ئاخر درۆهەڵبەستن بگاتە ئەم رادەیە، ئیتر بڕوانامەو پەرلەمانتاری و پرەنسیپ، خراوەتە ناو چ زەلكاوێكی چەواشەكاریەوە؟ ئەگەر ئەم كەسە، لە ناو جۆگەی هەلپەرستیەكەیەوە، كە لە هەردوو دیوی جۆگەكە، دەجوێ‌، سوربێت لەسەر ئەوەی گوایە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا سەرۆكی عێراق هەڵبژێردراوە، من ناچار دەبم راستیەكانی پشتی پەردە بدركێنم. ئەوكاتە چش، چی دەبێ‌ با ببێ‌!!
2-هەر ئەم كەسە، باسی پارێزگاری پێشووی كەركوك دەكات، گوایە، هاوڕێی من بووەو ئێستاش چۆتە پاڵ پارتی، بە ڕاستی لە بەغداد سەیرە نەك لەكۆیە!!
ئاخر كێ هەیە نەزانێ لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، من هەڵوێستم بە راشكاوی لەسەر پارێزگاری ناوبراو دەربڕی و دوو مانگیش نەچومە كۆبونەوەكان.
3-باسی دۆستایەتی پارتی دەكات. سیاسەتی من رونە، كە پەیوەندیی یەكێتی و پارتی بە چارەنوسسازی ئەم قۆناغە دەزانم. مێژووشم ئاشكرایە بۆ بەرگریكردن لە یەكێتی لەبەرامبەر پارتیدا، لەم زاتە دەپرسم:
دەی فەرموو یەك دێڕم لە ئەرشیفی خۆت بۆ دەربهێنە، كە شەرمنانە، رەخنەیەكیشت لەپارتی و بنەماڵەی بارزانی گرتبێ؟
یان.. یەكێتی، لەدوای (1994)وە، هەمیشە لەشەڕی بەرگریدا بووە (باسی شاخ هەر ناكەم)، دەی بۆ یەك جاریش بە نوزەنوز بەرگریت لەیەكێتی كردبێ؟
هەتا نەبوبوی بە ئەندام پەرلەمان، خۆت لەهەموو چەشنە رەخنەیەك دەپاراست. ئێستا موچەكەت و بودجەكەت، دابین كردوە، كەچی بەم چەواشەكاریە، دەتەوێ، چوار ساڵی دوای پەرلەمانتاریەكەت، كارێكی دیكە دەستەبەر بكەیت. شەرمی كەسوكاری شەهیدانی برسی و پێشمەرگەی كەم ئەندام ‌و دەیان هەزار بێكار داتان بگرێ‌، پلەو پارە، ئەوە ناهێنێ‌!!
4-دەشڵێ: لە (1964)وە، تاقە یەك جار بە پارتی وترابێ (ستۆپ) هەر ئەو جارە بووە، كە سەرۆك كۆماریان لێسەندراوەتەوە، بەم بۆچونە دەریدەخات كە چەند پێ خاوسە لەمێژووی خەبات و  ململانێكان. ئەمە جگە لەوەی ئەم قسانە ئیهانەیە بەو كەڵە تێكۆشەرانەی هەمیشە هەڵوێست ‌و رەخنەیان هەبووەو سەدان جار لەسەر بەرنامەو بڕیاری جیاواز، وتویانە (ستۆپ). هەر دامەزراندنی یەكێتی خۆی لە خۆیدا، گەورەترین ئستۆپ بووە بەرامبەر فیرگەی كلاسیكی كوردایەتی و پارتی. كە ئەوكاتە ئەم پەرلەمانتارە لە دایكیش نەبوبوو.  یان تفلی دەبیرستان بووە.
بەندە، نە بستێك ئەرزم لە هەولێر هەیە و نە ڤیلا و كۆشكی تایبەتی، كۆمپانیاشم لە دهۆك ‌و هەولێر نییە. قەت، لەسەر تەلەفزیۆن موزایدە ناكەم و بە نهێنیش واسیتە بكەم، بەڕێز مەسعود بارزانی بمبینێ‌. سیاسەتی سەنگین ‌و هاوسەنگی دەپارێزم و، ناشپاڕێمەوە، قبوڵم بكەن بچمە هەولێر. یان بە زەلیلی لە هۆڵی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دانیشم و سەرۆكاو خەست بكەمەوە!
دوا رونكردنەوەشم لەسەر كۆمێنتێكی تری تێكۆشەرێكی شاخ، ئەمەی خوارەوەیە:
مام جەلال و كاك نەوشیروان لەدەرەوە بون، دانوستانمان بۆ یەكخستنی ئاڵای شۆڕش و یەكێتی تەواوكرد. دوو مانگ زیاتریشی خایاند. وەكو رێز:
یەكەم جار چوم بۆ دیمەشق، (مام جەلال)م بینی. لە دیمەشقەوە، سەردانی ئەوروپاشم كرد و چاوم بەهاوڕێیانی (ئاڵای شۆڕش) كەوت. بۆم رونكردنەوە كە هۆكاری یەكخستنەوەكە چی بووە، ئینجا سەردانی شادرەوان نەوشیروان مستەفام كردو دیسان هۆكارەكانی یەكگرتنەوەكەم بۆ رونكردەوە. جەنابی لە قسەكانیدا، دەركەوت لە كێشمەكێشەكانی ناو یەكێتی نیگەرانە. دەشیویست بزانێ، لەگەڵ كام تەكەتول دەكەووم. دڵنیام كرد، كە لەگەڵ یەكێتیم و باوەڕم بە ریفۆرمسازی هەیە، نەك هیچ رێگەیەكی تر.
كە گەڕاشمەوە، شەماڵ عەبدولوەفا و شەهید رزگار هاتنە لام و دەیانویست بزانن ئایە لەكاتی بینینی كاك نەوشیرواندا، لەسەر بەرنامەیەكی تایبەتی رێككەوتوین، (هەر ئەوكاتە تەكەتول هەبوو) بۆ ئەوانیشم رونكردەوە كە چیم لەگەڵ شادرەوان باس كردوە. تائێستاش دوای تەكەتولی جیاواز جیاواز، من هەر بێلایەنم. دەسكەوتی زۆر و زەبەندیشم خراوەتە بەردەست، بۆ تەكەتول، نەم كردووە. كاتێك زۆربەی سەركردایەتی و كادرەكانیش، سكاڵایان دژی مام جەلال واژۆ كرد، من نە واژۆم كرد و نە دوای واژۆكردنیش، هەواڵی دانشتنەكانم پێ‌ دەگەیاند. بەڵام لەو هەڤاڵانە بوم، ئاوم دەكرد بەئاگرەكەدا، بەڵكو، بەرگریشم لە زۆربەی ئەو سەركردانە كرد كە واژۆیان كردبوو. لە پێشەوەیاندا شاد رەوان نەوشیروان.
هەموو لایەك دڵنیا دەكەم بۆچونەكانم لەناو (گەڵاڵە)كەو (هەڵسەنگاندن)ەكە، لەسەر دیموكراسی، مەدەنیەت، دادپەروەری، مافی ژن... تاد. هەروەها دژایەتی گەندەڵی و ژیانی حیزبایەتی و دژایەتی هەلپەرستی، لەساڵی (1994)وە، جەختم لەسەر كردون. لە ئەرشیفمدا، هەڵوێستەكانم، نوسین و كۆڕەكانم، هەر هەمووم پاراستون، نەك هەر لەگەڵ یەكێتی ناو  یەكێتی بوم، بەڵكو رەوت و گروپی دیكەش كە هاتونەتە ناو یەكێتی، رۆڵم هەبوە تیایدا.
سەبارەت بە یەكخستنی (ئاڵای شۆڕش) و (یەكێتی) و بەراوردی بە هاتنەوەی بەشێكی كەمی (هاودیدەكان) هەمووی پێی دەوترێ‌ پرۆسەی یەكخستن ‌و چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان. جیاوازیەكە، تەنها لەوەدایە، لە یەكگرتنەوەی ئاڵای شۆڕش و یەکێتی، بەیاننامەی هاوبەش لەسەر پرنسیپەكان دەرچوو. هەموو ئاڵای شۆڕش ‌و بەشێكی زەحمەتكێشانیش هاتنە ناو یەكێتی (چەند هاوڕێیەك نەبێ‌) بەڵام (هاودیدەكان) بۆ پلەو پۆست هاتن. دوای (24) سەعات فریای بەغداد كەوتن و سیڤیان دایە پەرلەمان. هیچ رێكەوتنێكیش واژۆ نەكرا. باسی یەك بۆچون ‌و رەخنەی هاوپەیمانی ‌و ئەركی هاوبەشیش، نەهاتە ئاراوە.
ئەوەش با رونبكەمەوە كە: هەرگیز بەندە، پشتیوانی كاندیدێكی ترم لە پەرلەمانی عێراق بۆ سەرۆكایەتی كۆمار نەكردووە. تەنانەت بەهەندێك هاوڕێی خۆمم وت: وەفدی یەكێتی لەسەر چی رێك دەكەون، بەقسەیان بكەن. ئەگەر یەك كەسیش توانی ئەم قسەیەم لە پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و كوردستان، بەدرۆبخاتەوە، ئەوكاتە، برای نوسەر چی دەڵێ‌، گەردنی ئازاد بێ‌.

لەكۆتایشدا جەخت دەكەمەوە: كێشەی ئێستامان هی ناو یەكێتی و دیاردە دزێوەكانی ناو حكومەتە. پەیوەندیی بە هیچ لایەكەوە نییە. لەپێناو كۆنگرەی گۆڕانكاری دوور لە تەوافق و دژایەتی هەلپەرستی‌و گەندەڵیش، هەروەها پیلانگێڕەكان، هەموو لایەك دڵنیا دەكەم، هیچ پۆستێك و كۆسپێك، پاشگەزم ناكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×