2019-07-23   1485     
سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان نهێنییه‌ك سه‌باره‌ت به هه‌ڵكوتانه سه‌ر حه‌شارگه‌ى ئوسامه بن لادن سه‌رۆكى پێشووى رێكخراوى قاعیده و كوژرانى له وڵاته‌كه‌ى ئاشكرا ده‌كات كه په‌یوه‌ندیداره به هاوكارى ئیسلام ئاباد له‌و پرۆسه‌یه‌دا و چۆنیەتى ئاشكرابوونى شوێنه‌كه‌ى.
ئاوێنه: عیمران خان سه‌رۆك وه‌زیرانى پاكستان له دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى فۆكس نیوزى ئه‌مه‌ریكى كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌م 23ى ته‌مووز له‌لایه‌ن ئاژانسى فڕانس پرێس بڵاو كراوه‌ته‌وه، هه‌ندێك زانیاریى نوێ له‌سه‌ر كوشتنى بن لادن بڵاو ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت "هه‌واڵگرى پاكستان زانیارى دا، به‌مه‌ش ئه‌مه‌ریكییه‌كان توانییان شوێنى بن لادن دیار بكه‌ن و بیكوژن".
عیمران خان له رۆژى شه‌ممه‌ى رابردووه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئه‌مه‌ریكا و تا ئێستا سه‌ردانه‌كه‌ى به‌رده‌وامه، ده‌رخستنى ئه‌و زانیارییانه له‌كاتێكدایه كه پاكستان هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندىیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ئاسایى بكاته‌وه.
ئه‌مه یه‌كه‌مجاره به‌رپرسانى پاكستان دان به‌وه بنێن له كوشتنى بن لادن هاوكاریی ئه‌مه‌ریكایان كردووه، چونكه پێشتر نكۆڵییان لێ ده‌كرد.
ئوسامه بن لادن له ساڵى 2011 له ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازیى ئه‌مریكادا له حه‌شارگه‌كه‌ى له‌شارى ئابوت ئابادى باكستان كوژرا.