دژه‌ تیرۆری كوردستان هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسێكی ڕوداو
  2019-07-23       3330       


پەیجی فەرمی "دژە تیرۆری كوردستان" له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر رێبوار كەریم وەلی،  رۆژنامەنووس له‌ كه‌ناڵی روداو، ده‌ڵێت  ''دەستی داوەتە چەواشەکاری و لە مینبەری ڕووداو ئەو باس و خواسانە دەخاتەڕوو کە دڵی ئاغاکانی خۆش بکات''.

ئاوێنه‌:  پەیجی فەرمی "دژە تیرۆری كوردستان" له‌ رونكردنەوەیەكدا كە بە ناوی "ئەفسەرێكی دژەتیرۆری كوردستانەوە" بڵاوكراوەتەوە، وەڵامی نووسینێكی رێبوار كەریم وەلی رۆژنامەنوسی نزیك لە نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە كە كۆمەڵێك زانیاری دەربارەی رووداوەكانی پشتی پەردەی "هێرشەكەی هەولێر"ی ئاشكرا كرد بوو.

لە وەڵامەكدا ئاماژەدراوە بەوەی "ڕیبوار کەریم وەلی بە فیتی ئاغاکانی" و بۆ "دڵخۆشكردنی ئاغاكانی"ی ئەو بابەتانە دەنووسێت و تێیدا هاتووە كە "رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا کابینەی نوێش پێک نەهاتبوو، لە وتارێکدا نووسیی کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە خۆی و ئاغاکانی لە هاتنە کایەی حکومەتێکی بەهێز دەترسن. هەفتەی رابردووش نووسیبووی ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حکومەت، لە کاتێکدا کە لە هەموو کابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حکومەت".

هەر لەو ڕونكردنه‌وه‌یه‌دا هێرشی ناڕاستەوخۆ كراوەتە سەر كابینەی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی و ئەوە خراوەتەڕوو كە ترسی ئەوان لە حكومەتی نوێ هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "جددیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش چووەتە ناو حکومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن کە هەموو خەلکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن. بۆ ئەوە چوونە ناو حکومەت چوونکە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ درا و هێشتا خەلک نە کارەبای هەیە نە ئاوی هەیە، نە سیستەمی تەندروستی تەواوە، نە پەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چوونەتە ناو حکومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، هەر رێگە لە دزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت".

هێرشەكانیان بۆ سەر كابینەی حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی بەردەوام دەبێت و دەڵێن: "ئەوەی لە کوردستاندا شانازیی پێوە کراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بووە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟".

دژەتیرۆری پارتی لە وەڵامەكەدا دێتە سەر باسی رووداوەكەی رێستۆرانتی هۆقەباز و دەڵێت بەو رووداوە "رێبوار و ئاغاکانی دلخۆش بوونە.  رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی کردۆتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و دەلێ گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن و ئەوجا خەمی قوربانیبوونی ئاغاکانیەتی لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە".

لە كۆتایی ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌ "رێبوارێک کە خۆی و هاوڕێکانی خۆیان بە پرۆفیشنال دەزانن، چۆن تەنیا دوای رۆژێک لە دەستگیرکرانی کەسی سەرەکی و بەردەوامیی لێکۆلینەوە داوای ئاشکراکردنی گشت ڤیدیۆکان دەکەن؟، رێبوار پێی خۆشبوو درۆ و دەلەسەکانی لڤین و میللەت ڕاست دەربچن نەک دەستی ئاغاکانی ئاشکرا ببن. ئەم زاتە ریسوایە ناتوانێت بەرگری لە ئاغا ریسواکانی بکات''.

دواتر بە هۆكارێكی نادیار پەیجی فەرمی دژەتیرۆری پارتی لە فەیسبووك دەقی ئەو وەڵامنانە توندەی سڕیەوە كە تێیدا هێرشیكردبووە سەر رێبوار كه‌ریم وه‌لی.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×