دژه‌ تیرۆر، بۆ یەکەمجار پەردەی لەسەر ناکۆکی نێوان مەسرورو نێچیرڤان هەڵماڵی
  2019-07-24       4282       

ئا: ئاوێنە


لێدوان‌و بڕیار‌و رێنمایەكانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر هەمویان بۆنی ئەوەیان لێدێ‌ كە تانەدان بن لەكاركردو شێوەی بەڕێوەبردنی حكومەتی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دژە تیرۆری كوردستان كە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە سەرپەرشتی دەكرێت، لەرونكردنەوەیەكدا دەڵێت "پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بەفیڕۆ دراو هێشتا خەلک نەکارەبای هەیە نەئاوی هەیە، نەسیستەمی تەندروستی تەواوە، نەپەروەردە تەواوە...هتد. چوینەتە ناو حکومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، رێگە لەدزی‌و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت؟".


میدیاكانی روداوو كوردستان 24 ، كە میدیای تایبەتی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانین، سەرباری خاڵی هاوبەشیان كە خزمەت بەپارتی‌و ماڵی بارزانی دەكەن، هەندێكجار بەئاشكرا لەروماڵكردنی روداوەکاندا کارکردن بۆ یەكێك لەو دو جەمسەرەیان پێوە دیارە، کە هەریەکەیان شێلگیرانە كار بۆ ئەوە دەكەن لەقۆناغی داهاتودا ببێتە خاوەنی پارتی، ئێستا خەریکە سەرەتای بەریەککەوتنیان دەردەکەوێ.


ئەگەرچی نێچیرڤان‌و مەسرورو ماڵی بارزانی‌و پارتی، بەراورد بەلایەنەكانی دیكە، هەمیشە ناكۆكییەكانیان پەردەپۆش كردوەو شاردوەتەوە، بەڵام وتارێكی رۆژنامەنوسێكی روداوی سەر بەنێچیرڤان بارزانی، سەبارەت بەروداوی تەقەكردنەكەی هەولێر ئەم ناکۆکیانەی زەق کردوەتەوە. رۆژنامەنوسەکەی روداو (رێبوار كەریم وەلی) لەم وتارەیدا بەئاشكرا دەیەوێ‌ بڵێ‌ ئەو دەزگایەی مەسرور بارزانی سەرپەرشتی دەكا لەدۆزینەوەی سەرەداوەكانی تەقەکردنەکەی ریستۆرانتی هۆقەبازی هەولێردا سست بوەو راستی روداوەكەی شاردوەتەوەو كابینەی نوێی حكومەتیش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەسەرەتایەكی لاواز‌و پڕ لەكەموكورتیەوە دەستیێدەكات.


ئەم وتارە کە بەئاشکرا مەسرور بارزانی‌و دەزگای دژە تیرۆری كوردستان‌و کابینەی نوێی تیادا کراوەتە ئامانج، کاردانەوەی توندی دژە  تیرۆری بەرامبەر بەرێبوارو "ئاغا"کەی رێبواری لێکەوتەوە.


دژە تیرۆری كوردستان كە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بەڕێوەدەبرێت، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بەوتارێك وەڵامی رێبوار كەریم وەلی دایەوە، كە بەپێی ئەو پەندە كوردییە کاری کردوە دەڵێ‌ "بوكە لەگەڵ تۆمە، خەسو گوێت لێبێ".


لەسایەی ئەم وەڵامدانەوەیەدا ریزێك رەخنەی توند ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حكومەتەكەی دەكات،  ئەم وتارە كە بەناوی "ئەفسەرێكی دژەتیرۆری كوردستانەوە" بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت "ڕیبوار کەریم وەلی بەفیتی ئاغاکانی"و بۆ "دڵخۆشكردنی ئاغاكانی"ی ئەو بابەتانە دەنوسێت.


وتارەكە ئاماژە بەوە دەكات "رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا کابینەی نوێش پێکنەهاتبو، لەوتارێکدا نوسیی کە حکومەتی داهاتو حکومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە خۆی‌و ئاغاکانی لەهاتنە کایەی حکومەتێکی بەهێز دەترسن. هەفتەی رابردوش نوسیبوی ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حکومەت، لەکاتێکدا کە لەهەمو کابینە تەنیا وەزیری ناوخۆ لەئەنجومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حکومەت".


هەروەها بەئاشكراو بەبێ‌ ناوهێنان هێرش دەكاتە سەر نێچیرڤان بارزانی‌و كابینەكەی‌و دەڵێت "ترسی ئەوان لەحكومەتی نوێ هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە جددیەتی ئەنجومەنی ئاسایش چوەتە ناو حکومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەمو دزی و گەندەڵییە دابنێن کە هەمو خەلکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن. بۆ ئەوە چونە ناو حکومەت چونکە پانزدە ساڵە ملیاردەها دۆلار بە فیڕۆ دراو هێشتا خەلک نەکارەبای هەیە نەئاوی هەیە، نەسیستەمی تەندروستی تەواوە، نەپەروەردە تەواوە...هتد. بۆ ئەوە چونەتە ناو حکومەت بۆ ئەوەی گەر هیچ نەکرێت، هەر رێگە لەدزی و گەندەڵیی زیاتر بگیرێت، ئەوەی لەکوردستاندا شانازیی پێوە کراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بوە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟".


دەشڵێت "رێبوار و ئاغاکانی دلخۆش بوون بەروداوەكی هۆقەباز، رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی کردۆتە سەر دەزگا ئەمنییەکان و دەلێ گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن‌و ئەوجا خەمی قوربانیبونی ئاغاکانیەتی لەئەنجامی ئەم ڕوداوە، رێبوارێک کە خۆی‌و هاوڕێکانی خۆیان بەپرۆفیشنال دەزانن، چۆن تەنیا دوای رۆژێک لەدەستگیرکرانی کەسی سەرەکی‌و بەردەوامیی لێکۆلینەوە  داوای ئاشکراکردنی گشت ڤیدیۆکان دەکەن؟، رێبوار پێیخۆشبو درۆو دەلەسەکانی لڤین‌و میللەت ڕاست دەربچن نەک دەستی ئاغاکانی ئاشکرا ببن. ئەم زاتە ریسوایە ناتوانێت بەرگری لەئاغا ریسواکانی بکات".


ئەمە یەكەمجارە پەیجێكی فەرمی سەر بەپارتی‌و سەر بەدەزگایەكی ئەمنی گرنگی پارتی بەو راشكاویی‌و رونییە رەخنەی توند ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی بكات‌و حکومەتەکەی، بەحكومەتێكی "گەندەڵ‌و شكستخواردو" ناوببات. یەكەمجارە لەمیدیای سەر بەپارتییەوە بەو ئەندازەیە ناكۆكی نێوان نێچیرڤان‌و مەسرور زەق بكرێتەوە. هەربۆیە خۆشیان زو دركیان بەمەترسی پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەم ناكۆكیانە كردو زۆری نەخایاند پەیجی فەرمی دژەتیرۆر وتارە توندەكەی سڕیەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×