پارتی: هەڵبژاردن لەكەركوك بەم رەوشەوە زیانی بۆ كورد دەبێت
  2019-07-24       481       

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی پێی وایە ئەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاكان عێراق كە رۆژی دوشەممە لەپەرلەمان پەسەندكرا زیانی بۆ كورد هەیەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لەكەركوك بەو رەوشەی ئێستایەوە تەنها لەبەرژەوەندی ھەندێ لایەنی توركمان و عەرەب و حەشدی شەعبیدایەو زیانی بۆ كورد دەبێت.

ئاوێنە: خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند"زۆرێك لە بڕگەو ماددەكانی نێو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق زیانی بۆ كورد ھەیە و پارتی لەگەڵ ئەو شێوازەدا نەبو، یەكێك لەوانە پوچەڵكردنەوەی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكان زیانی بۆ ھەمو عێراق ھەیە، لەبەرئەوەی نەھێشتنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكان لە ناوچە كوردستانییەكان، لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئەو ناوچانەو كورددا نییە و بە نەمانیان دەبێتە حوكمێكی مەركەزی".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پاتری وتیشی"شێوازی دیاریكردنی كورسی دوای بەڕێوەچونی دەنگدان لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، چونكە لە دیالە و بەغدا و سەڵاحەددین و كەركوك و چەندین پارێزگای دیكەی عێراق دەنگی خەڵكی ئێمە دەفەوتێت، ھەروەھا بڕگەیەكی دیكەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ئەوەیە، كە ھەر پارێزگایەك رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە بایۆمەتری نەگەیشتبێتە ٧٥% و بەشداری كردبێت، تەنیا مافی دەنگدان بە كارتی بایۆمەتری دەبێت، بەڵام ئەو پارێزگایانەی رێژەی بایۆمەترییان نەگەیشتبێتە ٧٥% ئەوە دەنگدەران بۆیان ھەیە بە كارتی دیكەش دەنگ بدەن".

خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد"ئێمە پشتڕاستین لە پارێزگایەكی وەك موسڵ رێژەی بەشداری ناگاتە ٧٥% لە پڕۆسەی بایۆمەتری، ئەوەش دەرفەتی ساختەكاری بۆ ھەندێ لایەنی عێراقی دەڕەخسێنێت".

پەیوەست بە كەركوكیش، خەسرۆ گۆران وتی"لە كەركوك رەوش ئاڵۆزەو لە بەرژەوەندیی كورددا نییە ھەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەنجومەنی پارێزگا كارا نییەو كورد ھیچ دەسەڵاتێكی نییە، رۆژانە تەعریب بەردەوامی ھەیەو فەرمانبەرانی كورد دەردەكرێن لەسەر كارەكانیان، ئەگەر رەوشی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە تەنیا لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەنی توركمان و عەرەب و حەشدی شەعبیدایە، ئێمە پێشبینی دەكەین ئەو لایەنانە بە لیستی جیاجیا بەشداری ھەڵبژاردن دەكەن تا زۆرترین دەستكەوت بەدەست بێنن".

لەبارەی بەشداریی پارتی لە كەركوك و دروستكردنی لیستی یەكگرتو لە نێوان لایەنە كوردییەكان، گۆران وتی"ھێشتا زوە بۆ یەكلاكردنەوەی ھەندێ پرسی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئێمە لە مانگی تەموزین و ھەڵبژاردن لە مانگی نیسانی ساڵی دابێت بەڕێوەدەچێت، ھیچ بڕیارێك نییە چۆن بەشداری دەكەین، رەنگە بە یەك لیست بەشداری بكەین و لەوانەشە بە لیستی جیا و ئەگەری تریش ھەیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×