2019-07-24   1967     
فیلیپ هاممۆند، وەزیری دارایی بەریتانیا بە فەرمی وازهێنانی لە پۆستەکەی رایگەیاند و دوای ماوەیەکی کەم لە روونکردنەوەکە هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی داڤید گاوکێ، وەزیری دادی بەریتانیا و رۆری ستیوارت، وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا لە میدیاکان بڵاوبوویەوە.
ئاوێنه: پێشتر لە کاتی میوانداری پەخشی راستەوخۆی بەرنامەی بیبیسی فیلیپ هاممۆند رایگەیاندبوو، ''ئەگەر هاتوو بۆریس جۆنسۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکرێت، ئەوا دەست لە کارەکەم هەڵدەگرم''.
جێگای ئاماژەیە دوێنێ هەر لەگەڵ هەڵبژێردرانی بۆریس جۆنسۆن وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ هاممۆند بە فەرمی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە.
هاوکات دوای ئەوەی فیلیپ هاممۆند بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند، ئاژانسی هەواڵی ئینگلیزی پرێسس ئاسۆسیەیشن ئاشکرای کرد کەوا هەریەکە لە داڤید گاوکێ، وەزیری دادی بەریتانیا و رۆری ستیوارت، وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدا لە ٢١ـی تەمموزدا داڤید گاوکێ لە نوسراوێکیدا بۆ رۆژنامەی سەندەی تایمس رایگەیاندبوو کە لەگەڵ هەڵبژاردنی بۆریس جۆنسۆن بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، واز لە پۆستەکەی دەهێنێت.
٢٣ـی تەمموزی ٢٠١٩ بۆریس جۆنسۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا و و سەرۆکی پارتی موحافزکاران وەکو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردرا.