"پیاوە باڵندەكە" نەیتوانی لەفەرەنساوە بپەڕێتەوە بۆ بەریتانیا
  2019-07-25       1113       

"فرانكی زاپاتا"ی فەرەنسی كە بە"پیاوە باڵندەكە" بەناوبانگە، بەنیاز بو بەسواری "فلای بۆردە"كەی خۆی بەسەر دەریای مانشدا لەفەرەنساوە بپەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام سەرکەوتو نەبو، لەنیوەی رێدا بەهۆی لێبڕانی وزەوە کەوتە ناو دەریاکەوە.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵی rfi، فرانكی زاپاتای تەمەن 40 ساڵ، كە قارەمانی یارییەکانی سەر ئاوی جێت ئاسكی ئەوروپاو جیهانە، ئەمڕۆ پێنج شەممە 25ی تەموز، لەكەنارەكانی فەرەنساوە لەنزیكی بەندەری كاڵێوە هەولیدا بەرەو بەندەری دفوری بەریتانیا بفڕێت.
پێشتر لەرۆژی 14ی تەموزدا، بەبۆنەی جەژنی نیشتمانی فەرەنسا‌و كەوتنی "باستێل"ەوە، فڕینی فرانكی زاپاتا بەسەر كۆشكی ئەلیزێدا سەرنجی هەمو جیهانی بەرەو لای خۆی راكێشا.
ئەو لەم رێورەسمەدا كە چەكی بەدەستەوە بو، لەبەرامبەر ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسادا نمایشێكی جادویی كرد، كە بەفلای بۆردەكەی لەدوری 30 مەتر لەماكرۆنەوە فڕی‌.
ئەم فلای بۆردە لە 100% دروستكراوی فەرەنسایەو بەنەوتی سپی كاردەكاو بەخێرایی 190 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا دەڕوات‌و تا ماوەی 10 خولەك پێویستی بەوەرگرتنی وزە نییە، داهێنانی زاپاتا خۆیەتی‌و بەناوی ئەویشەوە تۆمار کراوە.
Rfi ئاماژە بەوە دەكات كە كاتی پەپڕینەوە لەدەریای مانش لەكورترین مەودایدا 35 كیلۆمەترەو لە 10 خولەك زیاتر دەخایەنێت‌، زاپاتا پاش تێپەڕینی 18 كیلۆمەتر پێویستی بەوەرگرتنی وزە بو، بۆیە نەئیتوانی ئەو مەودایە ببڕێ‌و کەوتە خوارەوە.
فەرەنسا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەمدواییە یەكەكەی لەسوپای فەرەنسادا زیادكردوە بۆ ئەو زانایانەی خاوەنی خەیاڵی زانستین، بەمەبەستی پێشخستنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتەو دانەبڕانی لەتەكنیك‌و تەكنەلۆجیا نوێكانی جیهان‌و کردنی ئەو خەیاڵە زانستیانەیە بەواقیع.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×