گۆڕان: لە گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی خاڵی ھاوبەشمان زیاترە
  2019-01-18       902       
ئاراس وەلی، ئەندامی وەفدی گۆڕان بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی

ئاراس وەلی، ئەندامی وەفدی گۆڕان بۆ گفتوگۆكان لەگەڵ پارتی، رایگەیاند؛ لەو کۆبونەوانەی تائێستا لەنێوان ھەردولا ئەنجامدراون خاڵی کۆک و ھاوبەشیان زیاترەو بەمزوانەش لیژنە ھاوبەشکانی نێوانیان دەست بە کۆبونەوەکانیان دەکەن. ئەو دەشڵێت؛ دواكەوتنی كابینەی نوێی حكومەت پەیوەندی بە یەكێتی و پارتییەوە هەیە.

ئاوێنە: ئاراس وەلی لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، كە ئەمرۆ(هەینی) بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاند؛ لەچەند رۆژی داھاتودا لیژنە ھاوبەشکانی نێوان گۆڕان و پارتی دەست بەکارەکانیان دەکەن لەسەر وردەکاری پێکھێنانی حکومەتی نوێ، ئاماژە بەوەش دەکات لە کۆبونەوەکانی نێوانیان خاڵی ھاوبەشیان زیاترە.

ئاراس وەلی وتیشی"لە دواین کۆبونەوەمان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ( رۆژی دوشەمەی رابردو لە سلێمانی بەڕێوەچو) دو لیژنەمان پێکھێناوە، یەکەمیان تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت کە رەنگە ئەرکی ئەم لیژنەیە درێژە بکێشێت لەگەڵ لایەنی تریش کە بێنە نێو حکومەت، بۆ ئەم لیژنەیە بنەمای سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی ئێمە بڕوامان پێیەتی و پڕەنسیپ و کارکردنی ئێمەیە لەحکومەت بتوانین لە کارنامەی ئەم حکومەتەدا جێگای بکەینەوە لە پرسی نەوت و پێشمەرگەو جۆری کابینەی حکومەت."

ئەوەشی خستەڕو"لیژنەی دوەم پەیوەستە بەوەی بە چ پێوەرێک ئێمەو لایەنی تر لە کابینەکەدا چ پۆستێک وەرگرن، لە زۆربەی زۆری وڵاتان پێوەرێک دادەنرێت بۆ دیاریکردنی بەھای وەزارەت و پۆستەکان، بۆیە دەبێت لەدابەشکردنی پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەکان پێوەرێک ھەبێت و بگەڕێینەوە بۆ ئیستحقاقی ھەڵبژاردن ."

ئاراس وەلی کە بۆخۆی ئەندامی یەکێك لەو لیژنانەی حزبەکەیەتی باسی لەوەش كرد، بڕیاربو لیژنەکان لەپێش ھاتنی ساڵی نوێ بەشێوەیەکی دوقۆڵی کۆبونەوەی خۆیان بکەن بەڵام بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە ئەنجام نەدران، چاوەڕوان دەکەن لەم چەند رۆژەى داھاتودا ئەو کۆبونەوانە بەڕێوەبچن و دەست بەکاری خۆیان بکەن.

وەلی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبونەوەی داھاتوی شاندی دانوستانکاری ھەردولا پەیوەستە بە تاوتوێکردنی ئەنجامی کاری ئەم لیژنانە و زۆر بابەتی تر ، وتیشی"بنەما سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر بەشداری حکومەت دەکەین چ جۆرە بەشدارییەک دەکەین و ھاوبەشییەکەمان چۆنە و دەسەڵاتەکەمان چۆنە، لە ھەموشی گرنگتر ئەوەیە کارنامەی حکومەتەکە چۆنە و سەقفی زەمەنی دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، بنەماکەی تریان ئەوەیە کە نابێت ھاوشێوەی ھەڵبژاردن لە بەشداری کردنی حکومەتیش ستەممان لێبکرێت و پۆستی ھامشی بێت ، بەڵکو دەبێت بە دەسەڵاتەوە لە حکومەت بەشداری بکەین".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە ھەمانکاتدا هێمای بۆ ئەوەش كرد کە تائێستا بزوتنەوەکەی بەشێوەیەکی کۆتایی بڕیاری خۆی نەداوە لەوەی بەشداری حکومەت دەکات یان نا و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبونەوەکان و بەرچاوڕونی دەکەن، دواتر بڕیاری کۆتایی لەلایەن جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە دەدرێت.

سەبارەت بە دەنگۆی ئەو پۆستانەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت دیاری کراون، ئاراس وەلی لە وەڵامدا وتی"لە میانی کۆبونەوە و گفتوگۆکاندا دو وەرەقەمان داوەتە شاندی دانوستانکاری پارتی، یەکەم تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارکردنی حکومەت، بابەتی دوەمیش تایبەتە بەو ئیستحقاق و پشکەی ئێمە لەحکومەت وەری دەگرین."

بەپێی قسەی ئاراس وەلی تائێستا لە میانی ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامیانداوە خاڵی ھاوبەش و کۆکیان زیاترە و لەسەر چەند پرسێکیش بۆچونی جیاوازیان ھەیە و چاوەڕوان دەکەن لە ئەنجامی کۆبونەوەکان بگەنە ئەنجام.

لە بارەی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش کە لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان خاڵی ناکۆکی نێوان ئەم لایەنە بو، ئەندامەکەی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان وتی"پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم پرسێکە دەکەوێتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمان کە چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە لە بابەتی دەسەڵاتەکان و پێگەی سەرۆکی ھەرێم لە حوکمڕانی وڵاتەکە، ئێمە پڕۆژەمان ھەبوە و کارمان لەسەر کردوە و بابەتێکی گرنگە بەلای ئێمەوە تاوەکو حوکمڕانی ئەم وڵاتە بەھێز بکات، پێویستە ھەمولایەکیش جۆرێک تێگەیشتنی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئەوەی دورکەوینەوە لەو دۆخەی پێشتر ھەمانبو ."

لەكۆتاییدا وتی"دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و نەبوینەتە ھۆکاری دواکەوتنی ئەو حکومەتە، لەم کۆبونەوەیەش باس لەوە کراوەو پێویستە گوشار بکرێت لەوەی چیتر لەوە زیاتر پێکھێنانی حکومەت دوانەکەوێت کە زیاتر پەیوەندی بە یەکێتی و پارتی خۆیانەوە ھەیە، باس لەوەش کراوە تا سەرەتای مانگی داھاتو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت و کۆبونەوەکان دەستپێبکاتەوە."

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×