ئەردۆغان جارێكی دیكە هەڕەشە لەرۆژئاوای كوردستان دەكات
  2019-07-26       998       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی دیكە هەڕەشە لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و دەڵێت؛ ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی دروستكردنی ناچەیەكی ئارام هەرچییەك بن، وڵاتەكەی سورە لەسەر لەناوبردنی ئەو "رێڕەوی تیرۆر"ەی لە رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا هەیە.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رەسمی توركیا(ئەنادۆڵو)، ئەو قسانەی ئەردۆغان، ئەمڕۆ هەینی لەئەنكەرە، لەمیانی وتەیەكیدا هاتون لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك لقەكانی حزبەكەی لە پارێزگاكان.

ئەردۆغان هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئەنجامی گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەرچییەك بێت، ئەمان سورن لەسەر لەناوبردنی ئەو "رێڕەوی تیرۆر"ەی لە رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا هەیە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی "یەپەگە" كە توركیا بە "تیرۆریست" ناوی دەبات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەردۆغان باسی لەوە كردوە كە هێرش بۆ سەر "كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر"، ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا لە هەرێمی كوردستان دژ بە پەكەكە ئۆپەراسیۆنێكی "دروستە."

جەختیشی كردۆتەوە كە لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپاكە لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندی نێوان "تیرۆریستان لە رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا و باكوری عێراق دەپچڕێنن."

 

وتوشیەتی"كاتێك ئۆپەراسیۆنەكەمان لەباكوری عێراق سەركەوتو بو، كێشەیەكمان بەناوی قەندیل-ەوە نامێنێت."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×