ئەڵمانیا داوا لەتوركیا دەكات كۆتایی بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بهێنرێت
  2019-01-18       1079       

حکومەتی ئەڵمانیا داوا لەئەنكەرە دەكات گۆشەگیریی سەر ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان کۆتایی پێبێت. میشێل ڕۆت، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ئەوروپا دەڵێت"پێویستە ئۆجەلان بەبێ کێشەو ڕێکوپێک چاوی بە پارێزەران و خانەوادەکەی بکەوێت."

ئاوێنە: لەچەند رۆژی رابردودا پرسی سەردانكردنی ئۆجەلان ببوە باسی پەرلەمانی ئەڵمانیا و پارتی چەپی ئەو وڵاتە داوای لەحكومەتی ئەڵمانیا كردبو لەسەر گۆشەگیریی ئۆجەلان هەڵوێستی هەبێت.

میشل براندت، پەرلمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لەپەرلەمانی وڵاتەكە لە حكومەتی پرسی بو كە  ئایا حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا هیچ زانیارییەکی لەسەر دۆخی تەندروستی عەبدوڵا ئۆجەلان  هەیە؟

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فوڕات نیوز، لەوەڵامی ئەو داوایەدا، مێشێل رۆت، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە "بە ناوی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیاوە دەمەوێت بڵێم کە دەوڵەتی تورکیا وەک ئەندامێکی کۆنسەی ئەوروپا، دەربارەی دۆخی بەندکراوەکانی ناچارە بەپێی پەیمانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا هەڵسوکەوت بکات."
ئەوەشی خستۆتەڕو"وەک حکومەتەکانی یەکێتی ئەوروپا، بەشێوەیەکی کراوە لەو کۆبونەوانەدا کە لەگەڵ حکومەتی تورکیا کراوە، پێیان ڕاگەیەندراوە مافی زیندانیان رەچاوبكەن."
میشێل ڕۆت باسی لەوەش كرد کە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا دژی فشارەکانی دەزگای دادی تورکیایە لەسەر دژایەتی دیموکراسی و داواشی لە حکومەتی ئەنکەرە کرد "پێویستە حکومەتی تورکیا لە شەڕی خۆی بۆ دژایەتی دیموکراسی زیاتر سور نەبێت، حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی هەم بە حکومەتی تورکیاو هەم بە ڕێکخستنی هاوکاری و ئاسایشی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا راگەیاندوە."

میشێل ڕۆت ئەوەشی وتوە"حکومەتی فیدراڵ تا لە دەستی بێت، هەوڵدەدات چاودێری دۆسیەکان لە دادگای تورکیا بکات و بۆ ئەوەی زانیاریی بەدەست بکەوێت لەگەڵ نوێنەرانی هەدەپە لە پەیوەندیدایە."

ڕۆت لەسەر دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، وتی"لەسەر دۆخی تەندروستی دامەزرێنەری پەکەکە، عەبدوڵا ئۆجەلان، زانیاری لەبەردەستی حکومەتی فیدراڵدا نییە، ئێمەش وەک ئێوە لە میدیاکان دەبیستین، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میدیاکان بڵاوبوەتەوە، ئۆجەلان ١٢ی کانونی دوەم چاوی بە براکەی محەمەد ئۆجەلان کەوتوە و ڕاگەیەندراوە کە دۆخی باشە".

ئەوەشی خستەڕو"کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی پاری خۆیدا، ڕەخنەی لە کێشەی پەیوەندی زیندانیانی ئیمرالی بۆ دەرەوە گرتوە، ئێمە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین كە پێویستە ئۆجەلان بتوانێت پارێزەر و خانەوادەکەی ببینێت، هەروەها ئێمە داوا دەکەین هەمو ئاستەنگەکانی بەردەم زیندانیانی ئیمراڵی لاببرێن."

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×