"لەترسی سزاكانی ئەمریكا چەند كەسایەتییەكی عێراقی پارەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئێران"
  2019-07-27       1831       

رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، لەترسی سزاكانی ئەمریكا، ژمارەیەك كەسایەتی عێراقی دەستیان كردوە بە گواستنەوەی پارەكانیان بۆ ئێران و چەند لیستێكی دیكەی ئەمریكاش بەڕێوەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر چەند كەسایەتییەكی دیكەی عێراقیدا.

 

ئاوێنە: رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردۆتەوە كە هەندێك لە كەسایەتییە عێراقییەكان لەم رۆژانەدا دەستیان كردوە بە گواستنەوەی بەشێك لە كارە وەبەرهێنانەكانیان و پارەكانیان بۆ چەند ناوچەو بانكێكی جیاجیای ئێرانی ئەوەش لەپێناو خۆبەدورگرتنیان لەزیانی ئەو سزایانەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە بەسەریاندا بسەپێنرێت.

ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەشێكی زۆر ئەو كەسایەتیانە تێگەیشتون كە لەلایەن ئەمریكاوە دەكرێنە ئامانج و شەپۆلی نوێی سزاكانی ئەمریكا دەیانگرێتەوەو پێشیانوایە ئێران تاكە وڵاتە كە تێیدا پارەكانیان لە سزاكانی ئەمریكا دەرباز دەبن.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەكە لەچەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی عێراقییەوە دەستی كەوتون، چەند لیستێكی دیكەی سزاكانی ئەمریكا بەڕێوەن كە چەند كەسایەتییەكی دیكەی عێراقی لەخۆدەگرن.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ژمارەی ئەو كەسایەتییە عێراقیانەی چاوەڕێ دەكرێت سزاكانی ئەمریكا بیانگرێتەوە نزیكەی 76 كەسایەتی دەبن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 18ی ئەم مانگە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سەپاندنی سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقیدا راگەیاند كە دوانیان فەرماندەن لە حەشدی شەعبی.

ئەو چوار كەسە پێكدێن لە ئەحمەد جبوری، پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین، نەوفەل عاقوب، پارێزگاری پێشوی نەینەواو هەردو فەرماندەی حەشدی شەعبی، رەیان كلدانی و ئەبوجەعفەر شەبەكی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×