پرۆسەی هڵگرتنەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان ڕاگیرا
  2019-07-27       1745       

ئا: ئەیاد محەمەد


دوای ئەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەسەماوە هڵدرایەوە کەڕوفاتی خەڵکی ئەنفالکراوانی گەرمیانی تێدایە لەسەر داوای تاقانەیەکی ئەنفال پرۆسەی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان وەستێنراوە، وزارەتی شەهیدانیش دەڵێت لەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی

 

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان، فوئاد عوسمان  بەئاوێنەی ڕاگەیاند:" سەبارەت بەگۆڕەبەکۆمەڵەکان ئیش و کاری ڕانەگیراوە بەڵکو هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان ڕاگیراوە لەهوڵدان بۆچارەسەرکردنی ئەوبابەتە"

وتیشی:" ڕاگرتنەکەی لەسەر داوای تەیموری تاقانەی ئەنفالە کە چەند داواکارییەکی هەیە، ئەگینا ئەو گۆڕەی هەڵدراوەتەوە ئەبوایە ئەمڕۆ دەست بەهەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان بکرایە بەڵام ڕاگیراوە"

ڕونیشیکردەوە:" تەیمور چەند داواکاریەکی هەیە داوای جێبەجێکردنی دەکات، ئەو داواکاریانە لەڕابردودا ئیشی لەسەر کراوە، بۆنمونە، جینۆساید، قەرەبوکردنەوەی زەرەرو زیانەکان، چەن ساڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر خەتین بۆ تەعویزکردنەوەی قوربانیان، هەم سەنەدی قانونیمان هەیە هەم سەنەدی دەستوری هەروەها دادگایکردنی تاوانبارانی ئەنفال وەک وەزارەت چەندین جار تەئکیدمان لەوبابەتەکردوەتەوە، داوایکردوە حکومەتی عێراق داوای لێبوردن بکات ئێمە ش داوامانکردوە، هەموداواکاریەکان ئیشی لەسەر کراوە"

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان هێمای بۆئەوەشکرد:" لەبەر ئەوەی پرسی ئەنفال پرسێکی نیشتمانیە داوای ڕاگرتنی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان داواکردنێکی مەنتقی نیە، چونکە ئەنفال پرسێکی تاکەکەسی نیە، چونکە هەزاران هەزار خێزانیش داوادەکات ڕوفاتەکانیان بۆ بگەڕێتەوە"

لەپرسیارێکی ئاوێنەدا لەنێوان ڕاگرتن و ڕانەگرتنی ئەم پرۆسدا وەک وەزارەت چی دەکەن؟ وتەبێژەکەی وەزارەت وتی:" بەڕێوەبەری شەهیدانی گەرمیان ئێستا لەسەماوەیە لەگەڵ پارێزگار لەسەرخەتن انشا‌وللە بتوانن چارەسەری بکەن"

هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانی سەرماوە لە پارێزگای موسەنای باشووری عێراق هەڵدرایەوە و دەرکەوت ژمارەیەک ژن و منداڵی کوردی دەڤەری گەرمیانی تێدایە کە ساڵی 1988 لەلایەن حکوومەتی ڕووخاوی بەعسەوە ئەنفال و کۆمەڵکوژ کراون.

هاوکات جبار عمر، بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لەبارەی هێنانەوەی ئەو ڕوفاتانە ڕایگەیاند:" هەرکاتێک تەواو بو شێوازی هێنانەوەی ڕادەگەینین لەپێشدا  ئەچێتە پزیشکی دادوەری بەغداد دواتر ئەهێنرێنەوە"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×