لەپەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەك بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق ئامادە كراوە
  2019-01-18       530       

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی بونیادنان، رایگەیاند؛ پڕۆەژە یاساییەكیان ئامادە كردوە بۆ "دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق"و بەم نزیكانە دەیخەنە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان. هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پڕۆژە یاساكە چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان لەهێزە بیانییەكانیش دەگرێتەوە  بەوانەشەوە لە هەرێمی كوردستاندان.

ئاوێنە: مەنسور بەعێجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیادنان لەپەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ(هەینی) لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"رەشنوسی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان لەعێراق لەدوا ئامادەكاریدایەو دوای ئەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت بۆ ئەوەی بخرێتە كارنامەی دانیشتنەكانەوە لەپێناو پەسەندكردنی لەزوترین كاتدا."

بەعێجی پێشبینی كردوە كە زۆربەی فراكسیۆنەكان دەنگ لەبەرژەوەندی ئەو پڕۆژە یاسایەدا بدەن چونكە كۆدەنگییەك هەیە لەنێو هەمواندا بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بەبێ دواخستن. 

ئەوەشی خستۆتەڕو كە پڕۆژە یاساكە دەركردنی هەر هێزێكی بیانی لەنێو خاكی عێراق و هەروەها چۆڵكردنی بنكە سەربازییەكان لەسەربازی بیانی تەنانەت لەهەرێمی كوردستانیش لەخۆدەگرێت چونكە هیچ هۆكارێك بۆ مانەوەی ئەو هێزانە لەسەر خاكی عێراق نەماوە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە پڕۆژە یاساكە لەلایەن شارەزایان و فەرماندە سەربازییەكانەوە ئامادەكراوەو لەئێستاشدا خەریكن دوایین رەشنوسی ئامادە دەكەن و جەختیش كردۆتەوە كە ئەو پڕۆژەیە رێگە بە یەك سەربازی بیانیش نادات لەژێر هەر ناوێكدا بێت لەعێراق بمێنێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×