نامەیەک لەگردی سەیوانەوە: ئێرە گۆڕستانە نەک هەفتە بازاڕ!
  2019-01-18       2712       

 

 

 بەڕێزان حوکمدارانی سلێمانی، بەتایبەتی جەنابی پارێزگار سڵاو..

بەو هیوایەی ئێوە تەمەنتان درێژ بێت لەدرەنگترین کاتدا ببنە میوانی ئێمە.. ئێمەی دانیشتوانی گردی پیرۆزی سەیوان کە جاران سومبولی پیرۆزی شار بوو،  ئێستا لەسایەی حوکمداری ئێوەدا بوەتە مەزادخانە! بەمافی خۆمانی ئەزانین داوا بکەین چارەیەک بدۆزنەوە تا لەوە زیاتر بەها پیرۆزەکانی ئەو شارەی کە ڕوبارێ خوێنی بەخشیوەتە ئەو نیشتمانەی ئێستا ئێوە لەسایەیدا حەساونەتەوە، بەدرێژایی مێژوو سڵی لەدوژمنان نەکردوەتەوە، ئەم گردی سەیوانەی کە گلکۆی پاکترین رۆڵەکانی رۆژگاری سەختی خەبات‌و پیرانی تەریقەت‌و قارەمانانی بەردەم سێدارەی دوژمنان‌و ئەو شەهیدانەی کە بەرامبەر دوژمنان وەک پۆڵا وەستان، گڵکۆی ئەدیب‌و شاعیرە گەورەکانی کوردو گڵکۆی ژنانی بەهیمەت‌و کۆڵنەدەرو ئەو قارەمانانەی کە بەدرێژایی تەمەنی شار چۆکیان دانەداو خۆیان کردە قوربانی قومێ ئازادی‌و وێڵبون بەدوای گوڵی سەربەستیدا، هەمو پیاوماقوڵان‌و هەژاران‌و دەستداران کە بەبێ جیاوازی بوە بەنیشتمانی ئەبەدیمان... زۆرێک لەدانیشتوانی ئێستای گردی سەیوان ئەو پیاوە گەورانە بون کە لەسەر دێڕە شیعرێک ئەخزێنرانە کونجی زیندانەکانەوە، هەندێکی ترمان ئەو قارەمانانە بوین کە بەدەستی خۆمان پەتی سێدارەمان لەداگیرکەران وەرئەگرت‌و ئەمانکردە گەردنمان، هەندێکمان ئەوانە بوین کە سەنگەرەکانمان چۆڵ نەئەکرد بۆ دوژمنان، خاکمان بەخوێنی خۆمان ئاوئەدا، زۆرمان عاشقانی ڕاستی‌و جوانی‌و خاک بوین ئەو خاکەی ئێوە ئەمڕۆ حوکمداری ئەکەن.

ئێستا رۆحی ئێمە لەم سەیوانی سمبولی بەرخودان‌و پاکیزەییەوە دادو بێدادیەتی‌و نیگەرانین لەوەی کەسانێک مافەکانمان پێشێلئەکەن، پیرۆزیەکان‌و بەهاکان ژێرپێ ئەنێن.. لەژێر خاکی سەیوانی موقەدەسەوە پێتانئەڵێین داواکانی ئێمە بۆ کۆکردنەوەی پارەو دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاح نیە، بۆ وەرگرتنی  پۆست‌و شەڕی بەرژەوەندی نیە، داواکردنی پشک‌و زەوی نیە، بەڵکو تێهەڵچونەوەیە بۆ پاراستنی پیرۆزیەکان.. بەڕێزان هەر بستە خاکێک‌و هەر جێگایەک تایبەتمەندی خۆی هەیە گۆڕستان گۆڕستانەو  قوتابخانە قوتابخانەو کڵێسا کڵێسایەو مزگەوتیش مزگەوتە. هەر شوێنەو تایبەتمەندی خۆی هەیەو ناکرێت بەهیچ بیانوییەکەوە لەبەهاو پیرۆزی شوێنێک کەم بکرێتەوە..

بەڕێز جەنابی پارێزگار بۆچی ناتوانن لەژێر خاکەکەدا بمانپارێزن... دایکانی سک سوتاومان، بێوەژنە بێئومێدەکانمان، خوشکە ڕەشپۆشەکانمان، مناڵە لارەمل‌و هەتیوەکانمان، باوکە هێز لەبەربڕاوەکانمان کە جەرگسوتان بڕستی لەبەربڕیون.. ئێستا لەبەرئەوەی ئێوە شارتان بەڕەڵا کردوە ناتوانن بگەنە سەر گڵکۆکانمان چڵێ ڕەیحانە یا گوڵێکمان بۆ بهێنن‌و دو فرمێسک بڕێژن بەسەر گڵکۆکانماندا... ئەگەر بەڕێزتان لەبەر خۆشی‌و تێروتەسەلی ڕێتان ناکەوێتە ئەم مەزارگەیەی جاران پیرۆز بو، خەلكانی دڵ پڕ لەحەسرەت ڕویان تێئەکرد بۆ ئەوەی نیازیان قبوڵ بێت، داپیرەکان ئامۆژگاری خانمانی دوگیان‌و دایکانیان ئەکرد کە نەخۆیان نەمناڵە ساواو شیرەخۆرەکانیان  نەبەنە سەرقەبران، بەڵام ئێستا لە سایەی دەسەڵاتی خۆماڵیەوە ڕۆژانی هەینی‌و جەژنو بۆنەکان ئەبێتە مەزادخانەو بازاڕێکی ناچیزەو جێ ژوان‌و وادەوەرگرتن‌و تەنانەت سەواو مامەڵەی لەش فرۆشیشی تیا ئەکرێ..

بەڕێزان داواکەی ئێمە داوایەکی قورس نیە ئەوەی ئێوە ڕێگاتان پێداوە نەهەلی کار ڕەخساندنە نەبازاڕی ئازادە، تەنهاو تەنها سواڵی دەنگ کۆکردنەوەو خەڵەتاندنی چینێک‌و غەدر کردنە لەچینێ لەسەر حسابی چینێکی تر، بەمافی خۆمانی ئەزانین ئاگادارتان بکەینەوە لەو پێشێلکاری‌و غەدرەی لێمان ئەکرێت لە سایەو سێبەری دەسەڵاتی ئێوەدا، غەدرێک کە دەچێتە خانەی ئەتک کردنەوە... تکامان وایە ئێمە کە گەشتوینەتە دوا مەنزڵ دنیامان بەسەر ئێوەدا جێهێشتوە مەمانکەنە قوربانی ڕقوکینەی سیاسی، مەمانکەنە قەزاوەگێڕی ڕێکلامی هەڵبژاردن، لەگەڵ هیوای تەمەنی درێژ بۆ ئێوەو گۆڕستانێکی ئارام‌و شایستەش بۆ ئێمە...                 

 

 

دانیشتوانی گردی سەیوان

لە دنیای جاویدانەوە

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×