چوار پۆست لە خورماتو دەدرێنە كورد
  2019-01-18       538       

لایەنە کوردییەکان لەقەزای خورماتو جگە لەپارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پۆستەكانی ئەو شارە کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ قایمقامی قەزاكە ئەنجامدا.  ئەندامێکی مەڵبەندی یەکێتی دەڵێت"کورد بەڕێوەبەری پۆلیس و سێ بەڕێوەبەری تری قەزاكەی بەردەکەوێت."

ئاوێنە، ئەیاد محەمەد: سیروان حەبیب، ئەندامی مەڵبەندی خورماتوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەئاوێنەی ڕاگەیاند"لەگەڵ قایمقامی قەزای خورماتودا کۆبوینەوە بۆ پێشکەشکردنی ناوی ئەو بەڕێوەبەرانەی کە بەشی کوردن و دەبێت بدرێن بەکوردو هەروەها بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ناوخۆ و دۆخی ئەمنی قەزاكە."

بەپێی قسەی سیروان حەبیب لەكۆبونەوەكەدا باسیان لەو پڕۆژانەش كردوە كە پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەقەزاكە دەستیان پێكراوە بەڵام تەواو نەكراون و قایقمام داوای لە لایەنە كوردستانییەكان كردوە قسە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكەن بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژە تەواونەكراوانە چونكە بەقسەی سیروان حەبیب حكومەتی عێراق ناتوانێت كار لە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەدا بكات بەهۆی ئەوەی پێشتر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بودجەیان بۆ تەرخانكراوە.

سیروان حەبیب ئەوەشی خستەڕو كە پڕۆژە تەواونەكراوەكان پێكدێن لە رێگای دوسایدی ناو خورماتو كە ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی گەرمیان لەرابردودا لەسەدا 40ی جێبەجێ كراوە و هەروەها یاریگایەك كە لەسەدا 65ی جێبەجێكراوەو هۆڵێكی بۆنەكان كە لەسەدا 80ی جێبەجێ كراوە.

سەبارەت بۆ پۆستەكانی قەزاكەش ئەو ئەندام مەڵبەندەی یەكێتی هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە كۆبونەوەكەدا قایمقام داوای لێكردون لەهەفتەی ئایندەدا ناوەكانی پێشكەش بكەن و ئەوانیش پێشكەشی ئەنجومەنی قەزاكەی دەكەن بۆ دەنگدان لەسەری.

بەپێی قسەی سیروان حەبیب، حزبە كوردستانییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتون كە ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای لێهاتویی و بە سیڤی دابنرێن نەك لەسەر بنەمای حزبی.

ئاشكراشی كرد كە ئەو پۆستانەی لەقەزاكە بەر كورد دەكەون چوار پۆستن كە پێكدێن لە بەڕێوەبەری پەروەردە، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری، بەڕێوەبەری شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتو.

 

 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×