رۆیتەرز: دانەغاز پشكەكانی میسر دەفرۆشێت و لە هەرێمی كوردستان پارەكەیان دەخاتەگەڕ
  2019-07-28       1297       

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری دو سەرچاوەی ئاگادارە بڵاویكردۆتەوە كە كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی پشكەكانی لە میسر دەفرۆشێت كە بەهاكەیان زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارەو بەنیازە لەهەرێمی كوردستان ئەو پارەیە بخاتەگەڕ.

ئاوێنە: ئاژانسەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەڕاپۆرتێكدا، لەزاری ئەو دو سەرچاوەیەوە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە كۆمپانیای دانەغاز، بانكی وەبەرهێنانی "تیۆدۆر بیگرەینج ئاند كۆ"ی راسپاردوە تاوەكو راوێژی بداتێ لەبارەی فرۆشتنی پشكەكانیەوە لە میسر، تا كۆمپانیاكە سەرنجی بخاتە سەر چالاكییەكانی لە كوردستانی عێراق.

یەكێك لە سەرچاوەكان ئاماژەی بەوەداوە، كۆمپانیای دانەغاز، كە پشكە سەرەكییەكانی لە میسر و هەرێمی كوردستانی عێراقن، لەئێستادا سەرقاڵی تاوتوێكردنی پڕۆژەیەكی بەدیلە بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر یەك ناوچەی جوگرافی بێت كە دەكرێت لەداهاتودا بۆ وەبەرهێنەرانی كۆمپانیاكە سەرنجڕاكێش بێت.

دانەغاز و بانكی "تیۆدۆر بیگرەینج ئاند كۆ"، هیچیان ئامادەنەبون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.

پڕۆژەكانی هەڵكەندن و بەرهەمی سەر بە دانەغاز لەمیسر دەكەونە سەر وشكانی لەناوچەی دەلتای نیل تەنها پڕۆژەی كەرتی شەش نەبێت كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا، كۆمپانیاكە دەستی كرد بە هەڵكەندن لە بیری میراك-1ی دەریادا لە پڕۆژەی كەرتی شەش و وتبوی كە رەنگە نزیكەی چوار ترلیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمبهێنێت.

بەڵام ئەمڕۆ دانەغاز بە بۆرسەی راگەیاندوە كە بڕی غازێكی وایان نەدۆزیوەتەوەو بیرەكەیان داخستوەو وازیان لێهێناوە. لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، چالاكییەكان لەمیسر یەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوام دەبن لەسەر بەرهەمهێنان.

سەرچاوەی یەكەم بە رۆیتەرزی راگەیاندوە كە كۆمپانیای دانەغاز لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا دەستی كردوە بە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ پشكەكانی، لەگەڵ ئەوەی سەرنجی زۆری راكێشاوە بەڵام هێشتا كڕیاری دەستنەكەوتوە، وتوشیەتی"بەهای پشكەكانی زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارە."

ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بڕیارەكەی كۆمپانیاكە بۆ فرۆشتنی پشكەكانی لەمیسر "بڕیارێكی ستراتیژی"یەو دانەغاز دەیەوێت سەرنجی بخاتە سەر دەستكەوتەكانی لە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان چونكە پێی وایە پێداویستی خستنەگەڕی سەرمایەیەكی زۆر و گەشەكردن لەوێ هەیە.

لە ئاگاداركردنەوەیەكی تردا بۆ بۆرسە، ئەمڕۆ یەكشەممە، دانەغاز رایگەیاندوە كە راپۆرتێكی سەربەخۆ دەریخستوە ئەو كێڵگانەی كە دانەغاز پشكی تێیاندا هەیە لەهەرێمی كوردستان، "زۆرترین یەدەگی غاز لەعێراق لەخۆدەگرن."

دانەغاز رایگەیاندوە كە پیرل پترۆلیەم، كە كۆنسۆرتیۆم-ێكە دانەغازو كۆمپانیای نەوتی هیلا زۆرترین پشكیان تێیدا هەیە، چاوی لەوەیە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان بەرزبكاتەوە بۆ 650 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا تاوەكو ساڵی 2022 و هەروەها ئاستی بەرهەمهێنان تا ساڵی 2023 بگەیەنێتە 900 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا.

بڕیارە پلانی گەشەپێدانەكەی پیرل پترۆلیەم، كە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، زیادكردنی دو هێڵی نوێی بەرهەمهێنان و هەروەها هەڵكەندنی چەند بیرێكی نوێ لەخۆبگرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز كە لەئێستادا 400 ملیۆن پێ سێحایە لەڕۆژێكدا. ئەمەش بەپێی قسەی كۆمپانیای دانەغازو كۆمپانیای نەوتی هیلال كە لەكاتی راگەیاندنی رێككەوتنە 20 ساڵییە نوێیەكەیان بۆ فرۆشتنی غاز لەگەڵ حكومەتی هەرێم، لەمانگی سێی ئەمساڵدا رایانگەیاندبو.

لەمانگی ئایاردا سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغاز رایگەیاندبو كە پیرل پترۆلیەم لەرێگەی جیاجیاوە پارە بۆ وەبەرهێنان لەكوردستان كۆدەكاتەوە.

هەروەها ئەو كات وتبوی، خەرجی سەرمایەی دانەغاز لەكوردستانی عێراق لە ساڵی 2019دا بە 70 بۆ 90 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، لەكاتێكدا خەرجی سەرمایەی ئەو كۆمپانیایە لەمیسر لەمساڵدا بە 90 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×