2019-07-29   2078     
سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا له لێدوانێکدا هێرشی توند ده‌كاته سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ده‌ڵێت '' که‌سێک که به پێڵاوی کۆن و دڕا‌و هاته ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و له ئێستادا 13 فڕۆکه‌ی تایبه‌تی VIP به‌ده‌سته‌وه‌یه پێی وایه که ئه‌م سروه‌ت و سامانه ده‌توانێت پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ناوبراو به‌رز بکاته‌وه''.
ئاوێنه: که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ, سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا ئاماژه‌ی به 13 فڕۆکه‌ی تایبه‌تی ناوه‌ندی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا کرد و وتی ''ئه‌ردۆغان 13 فڕۆکه‌ی VIP هه‌یه. به‌س، ئه‌مه شانازی پێوه‌ناكرێت، به‌عه‌کسه‌وه بێ ئابڕویی دروست ده‌کات''.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''ئه‌ردۆغان که به پێڵاوی کۆن و دڕا‌و هاته ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و له ئێستادا 13 فڕۆکه‌ی تایبه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌یه پێی وایه که ئه‌م سروه‌ت و سامانه ده‌توانێت پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ناوبراو به‌رز بکاته‌وه. نازانێت شتێک که له جیهاندا ئیعتبار و ئابڕووی به‌دواوه هه‌یه ئه‌خلاق، شه‌رافه‌ت و گه‌وره‌ییه. له چوارچێوه‌ی عه‌قڵییه‌تێکی نه‌زۆک وڵات به‌ڕێوه ده‌بات و ئه‌مه‌ش ناتوانێت تورکیا به‌ره‌و ئاقارێکی باش ببات''.
ناوبراو باسی له پرسی کوردی ئه‌و وڵاته کرد و رایگه‌یاند ''نزیکه‌ی چوار ساڵ پێش ئێستا ڕاپۆرتێکمان له‌ژێر ناوی "22 پرسیار، 22 وه‌ڵام" په‌یوه‌ندیدار به کوردی تورکیا خسته‌ڕوو. له ئێستادا به له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانکارییه‌کانی سه‌ر کوردی تورکیا و به هاوکاریی دۆستانمان سه‌رقاڵی داڕشتنی ڕاپۆرتێکی دیکه‌ین به هه‌مان ناو و له‌باره‌ی کوردی تورکیاوه و له‌مباره‌وه هه‌نگاوی گه‌وره‌مان هه‌ڵێناوه''.