ئەنجومەنی‌ وەزیران پڕۆژەیاسای‌ "چاکسازیی‌ لەموچەو دەرماڵەو ئیمتیازەکان" رەوانەی‌ پەرلەمان ده‌كاته‌وه‌
  2019-07-30       1195       
له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێمدا بریاردا پڕۆژەیاسای‌ "چاکسازیی‌ لەموچەو دەرماڵەو ئیمتیازەکان" رەوانەی‌ پەرلەمان بكرێته‌وه‌. 

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم به‌رێوه‌چو. به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە (یاسای چاکسازی لەخانشینی‌و موچەو دەرماڵەو ئیمتیازەکانی دیکە لەهەرێمی کوردستان) کردووه‌و بڕیاردراوه‌ کە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە بکرێت‌و لەنزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

له‌ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌گفتوگۆی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند كراوه‌و به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوەدرا کە چەند لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتون بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وردەکارییەکان‌و هەردولا پێشنیارو کارنامەی تایبەتییان ئامادە کردوەو بڕیارە بەمزوانە درێژە بەگفتوگۆکان بدرێت."


راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مرۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم:

رۆژی سێشەممە 30ی تەمموزی 2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆبونەوەی خۆی ساز کرد.


لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر دەسپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە هەفتەی رابردو لە هەولێر شاندی باڵای هەردولا کۆبونەوە و گفتوگۆ لە بارەی سێ تەوەر کرا کە بریتیبون لە نەوت وگاز، بودجە و کێشە داراییەکان، ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان . لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوە درا کە چەند لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتون بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی وردەکارییەکان و هەردولا پێشنیار و کارنامەی تایبەتییان ئامادە کردوە و بڕیارە بەم زوانە درێژە بە گفتوگۆکان بدرێت.


پاشان گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی راژە لە هەرێمی کوردستان کرا بۆ رێکخستنەوەی کاروباری فەرمانبەران . ئەم بابەتەش بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازیی کە لە هێڵە گشتییەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە ، گفتوگۆکردن بو دەربارەی رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری و ، بڕیاردرا هەمو ئەو وەزارەتانەی داهاتیان هەیە، گشت داهاتەکانیان بنێردێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ،پێداچونەوەش بە خەرجییەکانی هەر وەزارەتێک بکرێت و دواتر بە پێی پێویستی و تایبەتمەندی ، پێداویستی خەرجییەکانی هەر وەزارەتێک دابین بکرێت.


ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە (یاسای چاکسازی لە خانشینی و موچە و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ) کرد . بڕیاردرا کە گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان .

لە کۆتایی کۆبوەنەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی شارەوانی وگەشتوگوزار ، تەندروستی ، ناوخۆ و دەستەی ژینگەی راسپارد ، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەن بۆ ئامادەکردنی رێنمایی پێویست بۆ پاراستنی گیان و سەلامەتی گەشتیاران و هاوڵاتیان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×