ئەمریكا بەخشینی پێنج بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەسزاكان نوێدەكاتەوە
  2019-07-31       846       

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، ئەمریكا لەم هەفتەیەدا نوێكردنەوەی بەخشینی پێنج بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەسزاكان رادەگەیەنێت، ئەوەش دەرفەت دەدات بە روسیاو چین و چەند وڵاتێكی ئەوروپی بەردەوام بن لەسەر هاوكارییەكانیان لە بواری ئەتۆمیی ئاشتی ئێراندا.

ئاوێنە: رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەفتەی رابردو لە كۆبونەوەیەكدا پشتیوانی لە ستیڤن منوچین، وەزیری خەزێنە كردوە كە بەرگری لە نوێكردنەوەی بەخشینی ئەو پێنج بەرنامە ئەتۆمییەی ئێران لە سزاكان دەكات لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەكانی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەو جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییدا.

واشنتۆن پۆست لەزاری شەش سەرچاوەوە بڵاویكردۆتەوە كە وەزیری خەزێنەی ئەمریكا بە دۆناڵد ترامپ-ی وتوە، ئەگەر بڕیاری تا 1ی ئاب، وەك ئەوەی یاسا دیاری كردوە، بڕیاری بەخشینەكە دەرنەكات، ئەوا ئەمریكا ناچارە سزا بخاتە سەر ئەو كۆمپانیا روسی، چینی و ئەوروپیانەی كە لەنێو ئێراندا بەشدارن لەچەند پڕۆژەیەكدا ئەوەش لەچوارچێوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015دا.

بەپێی واشنتۆن پۆست، وەزارەتی خەزێنە داوای كاتی زیاتری كردوە بۆ چاوخشاندن بە كاریگەرییەكانی ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كۆمپانیا روسی و چینی و ئەوروپیانەدا.

بەرپرسێكی باڵای ئیدارەكەی ترامپ وتویەتی"دەكرێت لەهەر كاتێكدا بێت كۆتایی بەو بەخشینانە بهێنرێت ئەوەش بەپێی پەرەسەندنەكان لەگەڵ ئێران. بەڵام لەبەر نیگەرانییە رەواكانی وەزارەتی خەزێنە، بڕیارمانداوە لەئێستادا كار بەو بەخشینانە بكرێت."

ئەمریكا لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا، لەكۆی حەوت بەرنامە، پێنج بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی بۆ ماوەی 90 رۆژ لە سزاكان بەخشی.

بەخشینەكان رێگەی بە كاركردن دەدەن لە وێستگەی ئەتۆمی بۆشەهر و دامەزراوەی فوردۆ بۆ پیتاندان و هەروەها كۆمەڵگەی ئەتۆمی ئەراك و دامەزراوەنی لێكۆڵینەوەی ئەتۆمی تاران.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×