یەبەشە و یەژەشە لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دەستپێكرد
  2019-08-02       849       

شەڕڤانانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە)و یەکینەکانی ژنانی شەنگال(یەژەشە)، لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەدژی شانە نۆستوەکان و خاڵە شاراوەکانی چەتەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دەستپێکرد.

ئاوێنە: ئۆپەراسیۆنەکە سەعات ٠٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەی "گۆلات"ی سەربە شەنگال دەستی پێکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەکانی یەبەشە بە "ڕۆژنیوز"یان داوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی ئەوەی ناوچەکە بەتەواوەتی لە چەكدارانی داعش پاکبکرێتەوە، دەستی پێکردوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەنجامدەدرێت، بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕۆژانی ١١ و ٢٦ی مانگی ڕابردوە کە دژی شانە نۆستوەکانی داعش بەڕێوەچوبون.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، فەوجی (نەسرئەلموبین)، حەشدی عەشایری، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە هەرێمی جزیرە (نێوان سەلاحەدین، ئەنبار و موسل) دژی چەتەکانی داعش ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردبو، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەکی زۆر لە چەتەکان کوژران و برینداربون، هەروەها زۆرێک کەلوپەل و جبەخانە دەستیان بەسەردا گیرا.

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە چەتەکانی داعش دو هاوڵاتی ئێزدییان بە ناوەکانی حسێن عەتەش و حەجی حەسەن کوشتبو، هێزەکانی یەبەش و یەژەشە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و چەند هێزێکی دیکەی هەرێمەکە، لە گوندی گۆلات ئۆپەراسیۆنیکیان دەستپیکرد، کە لە ئەنجامیدا دو چەتە کوژران.

ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگەش هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە، وەک بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکە لە هەرێمی گوندەکانی نەئێرین، گۆلات و خانا شاهوانی ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەو ناوچانە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ و پاککرانەوە.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا حەشارگەیەکی داعش دۆزرایەوە، کە تێیدا خوراک، جلوبەرگ، جبەخانە، چەکێکی کلاشنیکۆف، چەکێکی M-16 و ڕەختەکەی، سێ بۆمبی دەستکرد و پێداویستی دیكەی ژیان دۆزرایەوە.
هەر لەو حەشارگەیەدا ناسنامەی هاوڵاتییەک کە بەناوی حەجی حەسەن حەمۆ، کە ٢٤ی ئەم مانگە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژرابو، دۆزرایەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×