وەزارەتی دەرەوەی توركیا: لەگەڵ ئەمریكا نەگەینە رێككەوتن، خۆمان ناوچەی ئارام لەسوریا دروست دەكەین
  2019-08-02       474       

وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نەگەنە رێككەوتن ئەوا خۆیان تاكلایەنە ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا دروست دەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە لەگەڵ ئەمریكا لەسەر ئەو ناوچە ئارامەی بڕیارە دروست بكرێت، بۆچونی جیاوازیان هەیە.

ئاوێنە: حامی ئاكسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، وڵاتەكەی ناچارە تاكلایەنە ناوچەی ئارام لەسوریا دروست بكات ئەگەر لەگەڵ ئەمریكا لەوبارەیەوە نەگەیشتنە رێككەوتن.

 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرەی پایتەخت، ئاكسۆی ئاشكرایكرد كە رۆژی دوشەممە وەفدێكی سەربازی ئەمریكا سەردانی توركیا دەكات و هێمای بۆ ئەوەش كرد كە جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا، سەردانی توركیا دەكات بۆ تاوتوێكردنی تەواوی وردەكارییەكانی ناوچە ئارامەكە لەگەڵ لایەنی توركی.

ئەوەشی خستەڕو كە توركیا بۆچونەكانی خۆی لەبارەی ناوچە ئارامەكەی سوریاوە داوەتە جەیمس جێفری كە پێی وایە قوڵایی ناوچەكە دەبێت 32 كیلۆمەتر بێت لەسنوری توركیا بۆ ناو خاكی سوریاو هەروەها ناوچەكەش لەژێر ركێفی توركیادا بێت و یەپەگە لەو ناوچەیە بكرێتە دەرەوە.

وتیشی"ئەگەر نەتوانین لەمبارەیەوە لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەوین، ئەو كات ناچاردەبین تاكلایەنە هەڵسین بە دروستكردنی ناوچە ئارامە، ئەمەش لەسەر هەمو ئاستەكان بە هاوتا ئەمریكییەكانمان دەڵێین."

جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی رێگەنادات گفتوگۆكان لەبارەی ناوچە ئارامەكەوە ببنە پاساوێك بۆ دواخستنی و وتیشی"ئەگەر داخوازییەكانمان بەدی نەیەن، توانای ئەوەمان هەیە هەمو جۆرە رێكارێك بۆ زامنكردنی ئاسایشی نەتەوەییمان بگرینەبەر."

حامی ئۆكسۆی جەختیشی لەسەر خواستی وڵاتەكەی بۆ كردنە دەرەوەی یەپەگە لەسەرجەم ناوچەكان كردەوەو وتیشی"لەگەڵ ئەو وەفدە سەربازییەی ئەمریكا درێژە بە دانوستانەكان دەدەین كە رۆژی 5ی ئەم مانگە دێنە توركیا."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ توركیا بەردەوام دەبن بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سوریا و پێیانباشە ئەو ناوچەیە لەژێر ركێفی هێزی هاوبەشی هەردولادا بێت و قوڵایەكەشی لەنێوان پێنج بۆ 14 كیلۆمەتردا بێت.

ئەو وتانەی هەردو لا، دوای هەفتەیەك لە شكستی گفتوگۆی نێوان لایەنی توركی و ئەمریكی دێت لەبارەی ناوچەی ئارام لە سوریا ئەوەش بەهۆی جیاوازی بۆچونیان لەسەر قوڵایی ئەو ناوچە ئارامەی كە دروست دەكرێت و ئەو هێزانەی بەڕێوەی دەبەن.

ئەمریكا پێشنیاری كردبو كە ناوچەكە ئارامەكە پێنج كیلۆمەتر زیاتر نەبێت و هەفتەی رابردوش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنەی لە پێشنیارەكە گرت و رایگەیاند، رێكنەكەوتون لەسەر قوڵایی ناوچەكەو ئەوەشی كە كێ كۆنترۆڵی بكات و هەروەها لەسەر ئەوەش رێكنەكەوتون كە ئاخۆ تەواوی هێزەكانی یەپەگە لەو ناوچەیە دەكرێنە دەرەوە یان نا.

رۆژی دوشەممەش خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی ئەوەی كردبو كە وڵاتەكەی ناچار دەبێت تاكلایەنە هەڵسێت بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەكاتێكدا ئەگەر لەگەڵ ئەمریكا نەگەیشتنە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش.

ئاكار جەختی لەسەر دو خاڵ كردبوەوە كە ئەنكەرە بە ئەولەویەتیان دەزانێت لە پلانەكەیدا بۆ دروستكردنی ناوچە ئارامەكە، ئەویش دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەو چەكانەیە كە لای یەپەگەن و كردنە دەرەوەیەتی لەناوچە ئارامەكە بەتەواوەتی و خاڵی دوەمیش ئەوەیە كە قوڵایی ناوچە ئارامەكە لەنێو خاكی سوریادا لە 30 كیلۆمەتر كەمتر نەبێت لەژێر ركێفی توركیاشدا بێت.

بەڵام واشنتۆن لەگەڵ ئەوەدا نییە قوڵایی ناوچە ئارامەكە ئەوەندە بێت و هەروەك داوای ئەوەش دەكات كە یەپەگە هەندێك چەكی پێ بێت بۆ دەستەبەكردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی.

پێشتریش ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات-تەڤدەم وتبوی "تورکیا بۆ ناوچەی ئارام داوای ٣٢ کیلۆمەتر دەکات، ئەوەش قبوڵ ناکرێت...ئێمەش وتومانە، کە هەتا پێنج کیلۆمەتر نابێتە کێشە، لەناو ئەو پێنج کیلۆمەترەدا نابێت شاری تێدا بێت، ئەو شارانەی، کە دەکەونە سەر سنور، دەبێت لەدەرەوەی ناوچەی ئارام بن، هێزەکانی پاراستنی سنور-یش دەبێت خەڵکی ناوچەکە بن، ئەو بابەتە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و تورکیاش لەناوخۆدا ڕێکنەکەوتوە، بەڵام تورکیا هەر بە هەڕەشە و هێرشانە دەخوازێت ئەوەی دەیەوێت، فەرزی بکات."



زۆرترین بینراو
بروسكە ئێرانییەكان: چەند بەڵگەنامەیەكی نهێنی دزەپێكراو هەژمونی ئێران لەعێراق روندەكەنەوە
گۆڕان ده‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر پشكى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌شێوه‌ى ناشه‌رعى ده‌وڵه‌مه‌ند بوون
ناسنامه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌خۆپیشانده‌ره‌ كوژراوه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌
قوباد تاڵەبانی: چاکسازی بۆ هه‌ندێک که‌س به‌ئازاره‌ به‌ڵام ئێمه‌ ده‌ستمان پێکرد
فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ: ڕۆژێك دێت هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ رۆژئاوا
فەرماندەیەكی زێرەڤانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: حکومەت پارەی نییە بۆیە موچەی ٣ مانگی رابردوو دابەشناکات
فالح فەیاز: چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زور گرنگە
سکرتێری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌کانی ئێران ده‌که‌ین
پەرلەمانتارێك داوادەكات لەهەرێمیش كار بە یاسای نەهێشتنی ئیمتیازاتی پلە باڵاكانی عێراق بكرێت
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×