موقتەدا سەدر: رێگه‌ناده‌ین مەرقەدی ئیمام سەدر لەسەر بودجەی گشتی و پارەی هەژاران دروست بکرێت
  2019-08-03       1935       


رابەری رەوتی سەدرییەکان، پڕۆژەی دروستکردنی مەرقەدی ئیمام سەدر رادەگرێت کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕی (45) ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.

ئاوێنه‌: موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدرییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پەیامێکی توندا بڵاوی کردەوە ''رێگریی لە دروستکردن و بیناکردنی مەرقەدی محەمەد باقر سەدر دەکەن و هیچ لایەنێکی ناوخۆ و دەرەوە بۆی نییە لەو پڕۆژەیە نزیک بێتەوە''.

سەدر جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ رێگە نادەین هیچ لایەنکی حکومی لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەست بە پڕۆژەی مەرقەدی سەدری یەکەم بکات و وەک سەدرییەکان رێگەنادەن مەرقەدەکانیان لەسەر بودجەی گشتی و پارەی هەژاران دروست بکرێت، داواش لە لایەنە ئەمنییەکانی سەر بە مەرقەدەکە دەکەین بەهیچ شێوەیەک رێگە بەو کارە نەدەن.

محەمەد باقر سەدر، یەکێک لە مەرجەعەکان و پیاوێکی ناسراوی ئاینی شیعەکان بو، یەکێک بو لە دامەزرێنەرانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، ساڵی (1935) لە بەغدا لە دایک بوە، لە نۆی نیسانی ساڵی (1980) لەلایەن رژێمی پێشوی عێراقەوە لە سێدارەدرا و لە گۆڕستانی وادی سەلامی نەجەف بە خاکسپێردراوە.

ئەو پەیامەی سەدر دوای بڵاوبونەوەی بەڵگەنامەیەک هات کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن كه‌ وه‌زیره‌كه‌ی بەنگین رێكانییه‌، لە پشكی پارتی  بڕی (45) ملیار و (190) ملیۆن دیناری بۆ قۆناغی سێیەمی تەواوکردنی مەرقەدی محەمەد باقر سەدر لە پارێزگای نەجەف تەرخان کردبو بۆ ئەوەی لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە جێبەجێ بکرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×