2019-08-04   617     
نەجاح شممەری، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، ''ئەو لێکۆڵینەوانەی کە وەزارەتەکەی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، مەحمود فەلاحی بەتۆمەتی ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا(CIA) ئەنجامی دا، ئەستۆپاکی ناوبراوی سەلماندووە''.
ئاوێنه: شممەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە پارێزگای کەربەلا باشووری عێراق ئەنجامیدا رایگەیاند، ''وەزارەتی بەرگریی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئەنجامداوە، لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان پێهاتووە و هیچ سەرکردەیەکی سەربازیی ناپاک لەنێو سوپای عێراقدا نییە''.
وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری مانگی تەمووزی رابردوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنابوو لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان فەلاحی و سیخوڕێک لە هەواڵگری ئەمریکا.
مانگی رابردوو گرووپی حزبوڵڵا سەر بە حەشدی شەعبی تۆمارێکی دەنگی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بڵاوکردبووەوە کە ماوەکەی حەوت خولەک بوو.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سیخوڕە ئەمریکییەکە داوا لە فەلاحی دەکات ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە قەزای قائیم رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەست نیشان بکات، بە ئامانجی رادەستکردنی بە ئیسرائیل بۆ کردنە ئامانجی ئەو شوێنانە.
لە پەیوەندییەکی دیکە، سیخوڕەکە سوپاسی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەکات بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە بە لایەنی ئەمریکی.
وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و چۆنییەتی ئەستۆپاکی ئەو فەرماندە سەربازییەی عێراقی نەخستەڕوو.