باڵیۆزی ئەمریكا: رەفتاری ئەو چوار بەرپرسە عێراقییەی سزامان داون، ئاسایشی عێراق لاواز دەكات
  2019-08-04       1558       

ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند، ئەو چوار بەرپرسە عێراقییەی لەلایەن وڵاتەكەیەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، بە رەفتارەكانیان ئاسایش و سەقامگیری عێراق لاواز دەكەن و بڕیاری سزادانیشیان لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی وڵاتەكەیەوە، سەروەری عێراق "بەهێز" دەكات.

ئاوێنە: رۆژی 18ی مانگی رابردو، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاند، هەریەكە لە رەیان كلدانی، فەرماندەی هێزەکانی بابیلۆنی حەشدی شەعبی، ئەبو جەعفەر شەبەكی، فەرماندەی لیوای 30ـی حەشدی شەعبی و نەوفەل عاگوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا و ئەحمەد جبوری، پارێزگاری پێشوی سەڵاحەددین، سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك لە دەزگا راگەیاندنە عێراقییەكان، رایگەیاند"سەپاندنی سزا بەسەر كەسەكاندا بەشێكە لە یاسای كۆنگرێس كە رێگەمان دەدات سزا بەسەر هەر كەسێكدا لەجیهان بسەپێنین كە رفتارەكانی پێشێلی مافی مرۆڤ دەكەن یاخود دەبنە هۆی گەندەڵی لە وڵاتەكەیدا."

رونیشیكردەوە"ئەم دەسەڵاتانە چەندان جار بەكارهاتون وەك ئەوەی لەبۆرما دژ بە هەندێك لە پێشێلكارانی مافی مرۆڤ بڕیاری هاوشێوە دراوە."

تۆلەر وتی"رەفتارەكانی ئەو چوار كەسە عێراقییە، ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە لاواز دەكات، من لەسەر بڕیارەكە پۆزش ناهێنمەوەو پاشگەزیش نابمەوە، چونكە ئەو جۆرە كەسانە مافی ئەوەیان نییە مامەڵە لە ئەمریكا بكەن لەڕوی داراییەوە."

وتیشی"ئەو بڕیارەی داومانە سەروەری عێراق بەهێز دەكات لەبەرامبەر ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر حكومەت و پێكهاتە عێراقییەكان."

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كە ئەمریكا، هەردو گروپی نوجەبا و حزبوڵای خستۆتە نێو لیستی تیرۆرەوە چونكە "هاوكاریی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و سوپای پاسدارانی ئێران دەكەن."

تولەر لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە بونی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەعێراق رایگەیاند"ئایندەی هێزەكانی ئەمریكاو بونیان لەعێراق بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی...ئەوەش لەسەر داواكاری حكومەتی عێراق بوە، بەردەوام گوێمان لە سەركردە عێراقییەكان دەبێت كە مانەوەی هێزەكانمان لەعێراق پێویستە بۆ بەهێزكردنی توانای هێزە عێراقییەكان و مسۆگەركردنی نەگەڕانەوەی داعش."

وتیشی"بەردەوام لە فەرماندە ئەمنییەكانی عێراق دەبیستم كە هێشتا پێویستیان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، تا ئەو كاتەی پێویستی هەبێت و حكومەتی عێراق داوای بكات ئەم هاوپەیمانییە دەمێنێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×