میدیاكانی نزیك
لە یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) و پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، ئەمڕۆ
دوشەممە، بڵاویان كردەوە كە ئێران ماوەی دو رۆژە هێزی سەربازی رەوانەی ناوچەكانی
دێرەزور دەكات لە سوریا.
ئاوێنە: بەپێی هەواڵێکی
ئاژانسی هاوار نیوز، نزیك لە یەپەگە، دوێنێ ژمارەیەکی زۆر زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی
هێزەکانی ئێران بەرەو دێرەزور ڕەوانە کراون.
ئاژانسەكە هێمای
بۆ ئەوە كردوە كە ئێران ئەمڕۆش بەردەوام بوە لە رەوانەكردنی هێزی زیاتر بۆ دێرەزور
و هێزەكانیشی رەوانەی ئەو ناوچانەی پارێزگاكە دەكات كە دەكەونە ژێر دەستی هێزەكانی
حكومەتی سوریا.
لەلایەكی دیكەوە
ئاژانسی فوڕات نیوز، نزیك لەپەكەكە، ئاماژەی بەوەداوە كە لەو دواییانەدا توركیا هەڕەشەی
هێرشکردنە سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای زیاتر کردوەو بە پێی لێکدانەوەکان ڕژیمی ئێرانیش
پلانی ئەوەی هەیە کە هاوکات ئەویش لە دێرەزور هێرش بکات و ناوچەکە بخاتە ژێرکۆنتڕۆڵی
خۆیەوە.