پەنتاگۆن: گفتوگۆكانمان لەگەڵ توركیا بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی ئەمنی لەسەر سنوری سوریا بەردەوام دەبن
  2019-08-05       1048       
هێزی سەربازی توركیا لەسەر سنوری سوریا

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پەنتاگۆن)، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگری بەردەوامن لە گفتوگۆ چڕەكانیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەزگا ئەمنییەكانی توركیا لەئەنكەرە بۆ دۆزینەوەی "میكانیزمێكی ئەمنی دیاریكراو" بەمەبەستی "رەواندنەەی نیگەرانییە ئەمنییەكان" لەسەر سنوری سوریا-توركیا.

ئاوێنە: شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵی "حوڕە" رەتیكردۆتەوە كە باس لە وردەكاری گفتوگۆكانی ئەمڕۆی نێوان وڵاتەكەی و توركیا بكات بەڵام گفتوگۆكانی بە "ئیجابی" ناوبردون.

شۆن رۆبەرتسۆن جەختیكردۆتەوە كە پەنتاگۆن بەكارهێنانی دەستەواژەی "دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام" یاخود "پشتێنەیەكی ئەمنی" لەسەر سنوری نێوان توركیاو سوریا رەتدەكاتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو كە گفتوگۆكان بەدرێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن بەهیوای ئەوەی بگەنە ئەنجامێكی "كۆنكرێتی و نزیك."

ئەمڕۆ گفتوگۆی نوێ لەنێوان وەفدێكی باڵای ئەمریكاو بەرپرسانی توركیادا لە ئەنكەرە بەڕێوەچو سەبارەت بە پرسی "ناوچەی ئارام" لە باكوری سوریا و وەزارەتی بەرگری توركیاش ئەمڕۆ رایگەیاند كە گەڕی یەكەمی گفتوگۆكان ئەمڕۆ كۆتاییان هاتوەو سبەینێش دەست بە گفتوگۆكان دەكەنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، دوێنێ یەكشەممە، رایگەیانبدو كە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی یەپەگەدان لە رۆژهەڵاتی فوڕات لەسوریا ئەنجام دەدەن و ئەوەشیان بە روسیاو ئەمریكا وتوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×