تره‌مپ بە بڕیارێک دەست بەسەر سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلادا ده‌گیرێت
  2019-08-06       553       
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا واژووی له‌سه‌ر بڕیارنامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كرد كه‌ تیایدا ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلادا ده‌گیرێت له‌ ئه‌مریكا.

ئاوێنه‌: ئیداره‌ی ئه‌مریكا كه‌ حوكمڕانی نیكۆڵاس مادورۆ، سه‌رۆكی ڤێنیزوێلا به‌ نایاسایی ده‌زانێت و به‌ ئاشكرا پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات به‌ سه‌رۆكایه‌تی خوان گوایدۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی ڤێنیزوێلا له‌ رێگای واژووكردنی بڕیارنامه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی له‌ لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه هه‌نگاوێكی دیكه‌ی نا بۆ زیادكردنی‌ سزاكانی بۆ سه‌ر مادورۆ.

كۆشكی سپی بڕیارنامه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ‌ به‌ناوی ''ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلا له‌ ئه‌مریكا'' ده‌رچووه‌ و تیایدا هاتووه‌ ''ته‌واوی سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلا له‌ ئه‌مریكا و ئه‌و سووانه‌ی له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌دان، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه؛ ئه‌وان ناگوازرێنه‌وه‌، هاورده‌ ناكرێت، ناگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ و بازرگانییان پێوه‌ ناكرێت''.

ئیداره‌ی تره‌مپ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ به‌م هه‌نگاوه‌ی ئیداره‌ی ڤێنیزوێلا ده‌خاته‌ ژێر ''ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنێكی ئابوورییه‌وه‌''، به‌ ته‌واوی پێشی به‌ كاروباره‌كانی كاراكاس گرت له‌ ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها جگه‌ له‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان سه‌رجه‌م كاره‌كانی ته‌واوی به‌رپرسانی ئیداره‌ی ڤێنیزوێلای سنووردار كردووه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو تره‌مپ رایگه‌یاند له‌وانه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی ڤێنیزوێلادا بگرن یاخود به‌ربه‌ جموجۆڵه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بگرن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×