هاوپەیمانی عەرەبی نیگەرانی خۆیان لە بارەی پێشهاتەکانی یەمەن دەڕبڕی
  2019-08-08       414       
هاوپەیمانییەتی عەرەبی كە لە لایەن عەرەبستانی سعوودیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت لە دوایین پێشهاتەكانی پارێزگای عەدەن باشووری یەمەن نیگەرانە و جەختیش دەكاتەوە لەوەی هیچ زیانێك بۆ بەرژەوەندی گەلی یەمەنی قبوڵ ناكات.

ئاوێنه‌: عەقید تركی مالكی، وتەبێژ بەناوی هاوپەیمانییەتی عەرەبی لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵیی سعوودیە بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە كە ''سەركردایەتی هاوبەشی هاوپەیمانییەتی عەرەبی بە هەموو شێوەیەك ئەو پێشهاتە مەترسیدارانە رەت دەكاتەوە''.

هاوکات ترکی مالکی لەو بەیاننامەیەدا كە ناونیشانەكەی “هیچ زیانێك لە بەرژەوەندییەكانی گەلی یەمەنی قبوڵ ناكەین، داوای لە هەموو لایەن و پێكهاتەكان كردووە بە عەقڵ و خستنەپێشەوەی بەرژەوەندی نیشتمانی و كاركردن لەگەڵ حكوومەتی یەمەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەی كە بە قۆناغێكی جێگای نیگەرانی ناوی بردووە، مامەڵە بکەن.

شایەنی باسە ناوبراو ئاماژەی بەوەیش كردووە “گرنگە سەیری دۆخە جیاوازەكە بكەین و هەل خۆش نەكەین بۆ میلیشیا تیرۆریستییەكانی حووسی، ئەلقاعیدە و داعش و ئەوانەی کە ئاگری دووبەرەكی و ناكۆكییان لە نێوان گەلی یەمەنی خۆشكردووە”.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ باڵیۆزی سعوودیە لە یەمەن، محەمەد ئال جابر لە تویتێكدا بڵاویكردەوە كە حووسییەكان تاكە سوودمەندن لەو رووبەڕووبونەوانەی كە دوێنێ‌ لە شاری عەدەن باشووری یەمەن روویاندا، جەختی لەوەش كردەوە كە عەدەن بە ئارامی و سەقامگیری بە حیكمەتی ئاقڵەكان و بە پشتیوانی هاوپەیمانی دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەو نیگەرانییانەی سعوودیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ بەرپرسێكی سەربازی یەمەنی كوژراو و سەربازێكیش بریندار بوو لە ئەنجامی سەرهەڵدانەوەی پێكدادانەكان لەگەڵ هێزەكانی پشتێنەی ئەمنی كە لە لایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەكرێن لە پارێزگای عەدەن.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×