بەڕێوەبەریی خۆسەریی: هەر چارەسەر یاخود رێككەوتنێك بەبێ بەشداریی ئێمە، ناتەواو دەبێت
  2019-08-09       961       

عەبد حامد مەهباش، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی رایگەیاند، هەر پڕۆسەیەكی سیاسی یاخود هەر رێككەوتنێك بەبێ بەشداریی نوێنەرانی ناوچەی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، پڕۆسەیەكی ناتەواو دەبێت.

ئاوێنە: ئەو وتانەی مەهباش، لەمیانی گفتوگۆیەكیدا هاتون لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە هاتون كە وڵاتانی دەستەبەركاری ئەستانا لە دوایین كۆبونەوەیدا روبەڕوی ئیدارەی ناوچەكەیان كردۆتەوە كە هاوكات بو لەگەڵ هەڕەشەكانی حكومەتی توركیا بۆ داگیركردنی ئەو ناوچەیەی سوریا.

هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی بەڕێوەبەریی خۆسەریی وتویەتی"ئەوەی لە كۆبونەوەی 13ی ئەستانا كەوتوە كە چەند رۆژێك لەمەوبەر بەڕێوەچو و تێیدا چەند تۆمەتبێك خراونەتە پاڵ بەڕێوەبەریی خۆسەریی گوایە ئەوە پڕۆژەی جیابونەوەیە، ئەوانە بانگەشەی پوچن و هیچ بنەمایەكی راستیان تێدا نییە."

مەهباش جەختی كردۆتەوە"پڕۆژەكەمان پڕۆژەیەكی تەواو نیشتمانییەو باوەڕی بە یەكپارچەیی خاكی سوریاو سەربەخۆیی و سەروەریی سوریا هەیە."

وتوشیەتی"ئەوەی رێككەوتون لەسەری لەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵمان، هاوبەش بوە لەنێوان بەشدارانی كۆبونەوەكە (روسیاو توركیاو ئێران) چونكە پڕۆژەكەمان سەرچاوەی نیگەرانییە بۆیان."

مەهباش دوپاتیكردۆتەوە كە ناوچەكەیان بەتەواوی پێكهاتەكانییەوە شەڕی تیرۆری كردوە و سەركەوتنی بەسەردا بەدەستهێناوە و وتیشی"بەڕێوەبەریی خۆسەریی پێی وایە هەر پڕۆسەیەكی سیاسی ئەمان تێیدا بەشدار نەبن ئیدی داڕشتنەوەی دەستور بێت یان هەر رێككەوتنێكی تر پڕۆسەیەكی ناتەواو دەبیت و سەركەوتن بەدەست ناهێنێت."

هەروەك باسی لەوەش كردوە كە توركیا دەستبەرداری هەڕەشەكانی بۆ سەر ناوچەكەیان نابێت و ئامانجی داگیركاریی هەیەو مەبەستی سەرەكیشی لێدانە لە پڕۆژەی دیموكراتی بەڕێوەبەریی خۆسەریی چونكە لە پڕۆژەكە دەترسێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×