دادگای ئەمریكا سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر پشتیوانێكی دارایی حزبوڵادا سەپاند
  2019-08-09       681       

وەزارەتی دادی ئەمریكا ئاشكرایكرد، قاسم تاجەدین، سەرمایەداری لوبنانی كە دەسەڵاتی دادوەری وای دەبینیێت پشتیوانی دارایی حزبوڵا دەكات، لەئەمریكا بە پێنج ساڵ زیندانی و غەرامەی 50 ملیۆن دۆلار سزا دراوە.

ئاوێنە: قاسم تاجەدین، 63 ساڵ، لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردو لەبەردەم دادگا دانی بەوەدا نا ئەو سزایانەی پێشێلكردون كە لەكاتی پێشێلكردنیاندا رێگەی پێنادرێت لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان مامەڵە بكات.

برایان پێنزكۆفسكی، یاریدەدەری داواكاری گشتی لە واشنتۆن رایگەیاند، ئەو سزایەی بۆ قاسم تاجەدین دەرچوە، یەكێكە لە نوێترین هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی داد لەپێناو "پەكخستن و هەڵوەشاندنەوە"ی حزبوڵا و ئەو تۆڕانەی پشتیوانی دەكەن.

لەمانگی ئایاری 2009، ئەمریكا تاجەدین-ی بە "هاوبەشێكی دارایی گرنگ" لە رێكخراوێكی "تیرۆریستی" ناساند، ئەوەش بەهۆی پشتیوانییەكانی بۆ حزبوڵای لوبنانی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەك رێكخراوێكی "تیرۆریستی" پۆلینی كردوە. بۆیە مامەڵەكردنی تاجەدین لەگەڵ ئەمریكییەكان قەدەغە كرا بەڵام دواتر تۆمەتبار كرا بەوەی بەردەوام بوە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی.

ئەو كات وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تاجەدین-ی خستە نێو لیستی "تیرۆریستی جیهانی" بەهنۆی چالاكییە داراییەكانی پەیوەست بە حزبوڵا.

ئەو كات وەزارەتی دادی ئەمریكا رایگەیاندبو"تاجەدین، لانیكەم لەگەڵ پێنج كەسی دیكەدا پیلانی گێڕاوە بۆ ئەنجامدانی مامەڵەی دارایی بە بەهای زیاتر لە پەنجا ملیۆن دۆلار لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی كە ئەوەش پێشێلكردنی سزاكانە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×