ئەنجومەنی پارێزگای دیالە رەخنە لەبڕیاری داخستنی مەرزی مەندەلی دەگرێت
  2019-08-10       382       

سادق حسێنی، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ داخستنی مەرزی مەندەلی لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی بڕینی قوتی رۆژانەی سەدان خێزانی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە.

ئاوێنە: لە نوسراوێكدا كە رۆژی 7ی ئاب،  ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی كردوە، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە"رەزامەندی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەدەستهاتوە بۆ داخستنی مەرزی مەندەلی و گواستنەوەی سەرجەم فەرمانبەرەكانی بۆ مەرزی مونزرییە...ئەوەی پێویستە بیگرنەبەرو ئاگادارمان بكەنەوە."

لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا،  سادق حسێنی بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ی رایگەیاند"داخستنی مەرزی مەندەلی لەگەڵ ئێران بە فەرمانی حكومەتی عێراق، لێكەوتی خراپی لەسەر سەرچاوەی بژێوی سەدان خێزان دەبێت كە ساڵانێكە بۆ قوتی رۆژانەیان پشت بە كاركردن لەو مەرزە دەبەستن."

ئەوەشی وت"مەرزەكە چەندین دەرفەتی كاری لەو ناوچانە دابینكردوە كە بە دەست قەیرانی ئابورییەوە دەناڵێنن لەكاتێكدا لەو ناوچانە چالاكی بازرگانی و چالاكی كەرتەكانی دیكە سنوردارە."
جەختیشی كردۆتەوە كە هێشتا هۆكارەكانی داخستنی مەرزەكە ئاشكرا نین.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە داوای پێداچونەوەی بە بڕیارەكەو كردنەوەی مەرزەكەو چارەسەركردنی ئەو هۆكارانە كرد كە وایان كردوە بڕیاری داخستنی دەربكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×