2019-08-10   761     
هاوڵاتیەکی ئەڵمانی بەڕەگەز تورک بە مەبەستی گەشت سەردانی تورکیای کردووە، بە تۆمەتی بانگەشەکردنی بۆ تیرۆر لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە.
ئاوێنه: لە کۆتای مانگی تەموزدا هاوڵاتیەکی تەمەن ٣٦ ساڵی ئەڵمانی بەڕەگەز تورک بە ناوی عوسمان بەگەشت لە ئەڵمانیاوە هاتووەتەوە ئەنتاڵیا، بەڵام لە فڕۆکەخانەی ئەنتاڵیادا بە بیانوی بانگەشەکردن بۆ تیرۆر دەستگیر کراوە. پارێزەرەکەی عوسمان بێرسلۆد فرێسێنیوس، بە ڕۆژنامەی دیوتچ واڵی ڕاگەیاند، ''حکومەتی تورکیا هیچ ڕێگایەکی بۆ ئازادی دەربڕین نەهێشتووەتەوە و هەر کەسێک بۆچونی دژی حکومەت بێت دەستگیری دەکات''.
حکومەت ناوی هەموو ئەو کەسانەی تۆمار کردووە کە لە دەرەوەی وڵاتدا وتاری لەسەر دەنوسن یاخود دژایەتی دەکەن، هەرکاتێکیش بێنە نێو تورکیاوە دەستگیریان دەکات.
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا هەموو هەوڵێکیانداوە کە چاویان بە عوسمان بکەوێت.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا عوسمان لەسەر پێگەی فەیسبوکی خۆی چەند شتێکی دژی حکومەت بڵاو کردووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە بانگەشەکردن بۆ تیرۆر تۆمەتباری بکەن. ئەگەر عوسمان لە دادگادا بە تاوانبار دابنرێت ئەوا سزایەکی درێژخایەنی بەسەردا دەسەپێنن.
پارێزەرەکەی عوسمان باسی لە وتەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو کرد کە ڕایگەیاندبوو، ''چەندی پشتگیری کەر لە تیرۆرستان لە ئەڵمانیا و ئەوروپادا هەن، لە ئەوروپاوە پاڵپشتی لە تیرۆر و تیرۆرستان دەکەن و لە هاوینیشدا دێنەوە بۆ ناوچە گەشتیارەکانی تورکیا و لەوێ گەشتەکانیان بەسەر دەبەن، ئێمە چارەسەرمان بۆ ئەو جۆرە کەسانە داناوە و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ گەشت لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێن و بە سزای خۆیان دەکەن. ئەمە شتێکی ئاسان نیە لە دەرەوەی وڵاتدا دژایەتیمان بکەن و بۆ خۆشی و سەیرانی خۆتان دێنەوە لە تورکیا سەیران و گەشتی خۆتان بکەن''.
لە دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ١٥ تەموزەوە هەتا ئێستا چەندین هاوڵاتی ئەڵمانی بەڕەگەز تورک لە تورکیادا دەستگیر کراون ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە قەیرانی سیاسی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست ببێت. بەڵام بەم دوایانە حکومەتی تورکیا هەندێک نەرمی نواند و هەندێک لەو هاوڵاتیانەی دەستگیر کرد.
ڕۆژنامەی دای وێڵت نمونەی ڕۆژنامەنوسێکی خۆی دەهێنێتەوە بە ناوی دێنیز یوجەل، یوجەل لە تورکیادا بە بێ ئەوەی دادگای بکرێت ماوەی ساڵێک لە زینداندا مایەوە، بە بێ ئەوەی بڕیاری دادگاش دەربچێت دوای تێپەڕبونی ساڵێک ئازادکرا.