بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی دەروازەیەکی سنووری عێراق-ئێران داخرا
  2019-08-10       1058       

بە فەرمانی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەروازەیەکی سنووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق بەھۆی ''پێشێلکاری'' داخرا.

ئاوێنه‌: بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە واژووی عادل عەبدولمەھدی لەسەرە و کەوتووەتە دەستی راگەیاندکارەکان، دەروازەی سنووری مەندەلی-سۆمەر لە پارێزگای دیالە بەھۆی پێشێلکاری بە رووی گشت ھاتوچووەکان داخراوە.

ھەر لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بە گواستنەوەی فەرمانبەرەکانی ئەو دەروازە سنوورییە بۆ دەروازەی سنووری مونزریە کراوە.

ھاوکات لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەجۆری پێشێلکارییەکان و کاتی کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە نەدراوە و راگەیاندنەکانی ناوخۆش لەبارەی پێشێلکارییەکان ئاماژە بە حەشدی شەعبی دەکەن.

لە راگەیاندنەکاندا ئەوە خراوەتەڕوو کە چەند گرووپێکی سەر بە حەشدی شەعبی کە لە لایەن ئێران پشتیوانیان لێ دەکرێت، دەستیان لە کاروباری ئەو دەروازە سنوورییە وەرداوە و بانگەشەی ئەوە کراوە کە بێ ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێت یان پشکنینیان بۆ بکرێت چەند بەرھەمێکی قەدەغەکراویان ھێناوەتە عێراق.

لە کۆی گشتی ھەزار و ٤٥٠ کیلۆمەتر سنووری نێوان ئێران و عێراق ھەشت دەروازەی سنووری بوونی ھەیە.

ئەمانەش دەروازەی سنووری شەلەمچە لە پارێزگای بەسڕە، دەروازەی سنووری شەلشیب لە پارێزگای میسان، دەروازەی سنووری زەرباتیە لە پارێزگای واست، دەروازەی سنووری مەندەلی-سۆمەر و مونزوریە لە پارێزگای دیالە دەگرێتەوە.

لەبەری ھەرێمی کوردستانی عێراقیش سێ دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێراندا ھەن کە بریتین لە دەروازەی سنووری پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران لە پارێزگای ھەولێر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×