ئا: ئاوێنە
هەڵبژاردنی میر
حازم تەحسین بەگ وەك میریی نوێی ئێزیدییەكان، مشتومڕو ناڕەزایی لەناو بەشێك لەئێزیدییەكاندا
دروستكردوە، ئێرانو شیعەكان كار لەسەر دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئێزیدییەكان دەكەنو
خوازیارن كەسێك ببێت بەمیر كە سەر بەخۆیانو كار بۆ ئەجنداكانی ئەوان بكات.
پاش شەش مانگ
كێشمەكێش لەناو بنەماڵەی میرانی ئێزیدیدا، بەناوبژیوانیو پشتیوانی پارتیو ماڵی
بارزانی، میر حازمی گوڕە گەورەی میر تەخسین بەگی میری كۆچكردوی ئێزیدییەكان، وەك میری
نوێی ئێزیدییەكان هەڵبژێردرا.
بەهەڵبژاردنی
میر حازم، كێشەی میرایەتی ئێزیدیەكان بەیەكجاری كۆتاینەهات، هەر ئەو رۆژەی كە لەڕێورەسمێكدا
میرایەتی حازم لەپەرستگای لالش راگەیەندرا، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێك لەبنەماڵەی
میرەوە بەرز بۆوەو ئەم هەڵبژاردنەیان بە"غەدرو ناهەق"ی بەرامبەر بەخۆیان
ناوبرد، هەربۆیە زو ئەم ناكۆكیو دەنگە ناڕازیانە لەلایەن هێزە ركەبەرەكانی پارتییەوە
قۆزرایەوە.
هێشتا هەفتەیەك
بەسەر هەڵبژاردنی میر حازمدا تێنەپەڕی بو، لەشەنگال كە بەدەست هێزەكانی حەشدی شەعبیو
حكومەتی ناوەندی عێراقەوەیە، نایف داود سهلمان وهك میری نوێی ئێزیدییەكان دیاریكرا،
کە زۆر لەشیعەکانەوە نزیکەو بەمدواییە زیارەتی مەرقەدی ئیمام حسێنیشی کردوە.
ئێستا هەواڵی
ئەوەش لەئارادایە كە ئێزیدییەكان بەنیازن لەئەڵمانیا كۆببنەوە بەمەبەستی ناڕەزایی
دەربڕین بەرامبەر بەهەڵبژاردنی میر حازمو دەستنیشان كردنی میرێكی نوێ بۆ ئێزیدییەكان،
ئەوانەی ئامادەكاریی بۆ ئەم كۆبونەوەیەش دەكەن، ئەو كەسانەن كە ئێزیدیی بەكورد نازاننو
رابەرایەتی "رەوتی "عروبە" دەكەن لەناو ئێزیدییەكان.
هەڵبژاردنی میر
حازم، مایەی نیگەرانی نەک هەر بەشێك لەبنەماڵەی میری ئێزیدییەکانە، بەڵکو مایەی
دڵگرانی هەمو ركەبەرەكانی پارتیو بنەماڵەی بارزانیشە، لەبەرئەوەی میر حازم پێشتر
پەرلەمانتاری پارتی بوە لەپەرلەمانی كوردستانو لەهەمو روداوەکانیشدا، هەر لەدرێژكردنەوەی
ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیەوە بگرە تا دەگات بەناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەمانەوەی
هێزەكانی پەكەكەو حەشد لەشنگالو پشتیوانی کردنی پرۆسەی ریفراندۆم، هەڵوێستەکانی هەمان
هەڵوێستی پارتیو كۆپی هەڵوێستەكانی بارزانی بوە، تەنانەت جارێكیان ئەو رایگەیاند
"بارزانی تاكە نوێنەری ئێزیدییەكانە"!
لەكاتێكدا وەزیری
دەرەوەی توركیا بەرەسمی پیرۆزبایی لەمیر حازم دەكات بەبۆنەی هەڵبژاردنیەوە وەک میری
نوێی ئێزیدییەکان، ئێرانو هێزە شیعییەكان لەبونی ئەو بەمیری ئێزیدییەكان بەقینو نیگەرانن.
ئێزیدییەکان بەحوكمی
هەڵكەوتەی ستراتیژیی شوێنی نیشتەجێ بونیانەوە كە سنوری هەرێمی كوردستانو عێراقو
سوریاو توركیا بەیەكەوە دەبەستێ، لەم كاتی شەڕو ململانێیانەی ناوچەكەی گرتوەتەوە
بایەخێكی گەورەو چارەنوسسازی هەیە بۆ ئێرانو شیعەکان. بۆیە ئەوان لەحازم ناڕازینو
كار بۆ دروستکردنی میرێكی نوێ دەكەن.
مەسەلەی فرە میریی
ئێزیدییەکان مەسەلەیەکی زۆر مەترسیدارە، یەکەم بۆ ئێزیدییەکان خۆیانو دوەمیش بۆ
کورد، ئەم گەمەیەکە ئێرانو هێزە شیعییەکان بەپلەی ئەکەم ئیشی لەسەر دەکەن، پێشتر ئەمان
هەمان کاریان لەناو دروزەکانی لوبناندا کردوە، کە هاتون لەبەرامبەر شێخ نەعیم حەسەنی
شێخی عەقڵی تایفەی دروزی نزیک لەجانبولاد، شێخێکی عەقڵیان راست کردوەتەوە کە نەسرەدین
غەریبەو بەردەوام پشتیوانی لەحزبوڵای لوبنانو و رژێمی سوریاو ئێران دەکاو هەر كات
بیانەوێ لەدژی جانبولاد بەکاریدەهێنن. هەربۆیە میر حازم (سەرباری تێبینیشیمان لەوەی
کاندیندی پارتییە بۆ میرایەتی) لەهەمو ئەوانی تر باشترە بۆ كورد، ئەو میرانەی تر
چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێ لەئێستاو ئایندەشدا کە بەردەوام وەک ئامڕازێک بەکاربهێنرێنو
لەهەمو کێشەیەکی (نەک هەر پارتی) بەڵکو کورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراقو حەشددا، پشتیوانی
لەعێراقو هێزە شیعییەکان بکەن، هەر ئەو ئەرکەشیان پێدەسپێردرێت.